لە سەردەمی خۆیدا رێوڕەسمی ژن هێنان ئەوەندە بە تام و چێژ بووە، تەنانەت بۆ گشت خەڵك و ئامادەبووانی ئاهەنگ، وەكو ئێستا ئەو پێشكەوتنە نەبووە، وەك چوونە ساڵۆن و پیاسەكردن و ئاهەنگ لە هۆڵەكاندا، لە سەرەتادا دوای داوا كردن و داخوازی ماڵە كچە دەیانگوت ماوەیەكی دیكە وەڵامتان دەدەینەوە، دوای رەزامەندی بۆ پێدانی كچەكەیان، لە ماوەیەكی كۆندا بەسەر پشتی ئەسپ و بە شایی و خۆشی لە گوندەكاندا بووكەیان دەهێنایە ماڵی زاوا، كە دەبوایە زاواش بە سەر پشتی ئەسپێكەوە بچێتە ماڵی بووك، هەمان رێ و شوێن لە شاردا هەبوو، بەڵام بە ئوتۆمبێل یان عارەبانەی بە ئاژەڵەوە، شەوی پێش رۆیشتنی بووك، لە ماڵی بووك (خەنەبەندان) دەكرا، كە ئەویش ئاهەنگێكی بچووكی تایبەت بە كچان و ئافرەتان و ناسیاوانی بووكەكە، لە ماڵی بووكدا كۆ دەبوونەوە و بە قسەی خۆش و شایی و هەڵپەركێ و دواتریش خەنە لە سەر دەست و ناوەوەی دەست و پەنجەكان دەدرا، بۆ رۆژی دواتر لە ماڵی كوڕە دەبوو بە ئاهەنگ و خۆشی، ئەگەر ماڵی كوڕە یان كچە تازییەیان نەبووایە ئاهەنگ و زەماوەند ساز دەكرا، لەلای هەندێك خێزاندا بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك دەبوو بە ئاهەنگ گێران و داوەت كردنی خەڵك و تەنانەت بە (حەوت رۆژ و حەوت شەو) بەناوبانگ بوو، تا بەم دواییەش ئەو كەلتوورە باو بوو، كاتێك ماڵی زاوا لە دوو تا سێ شەو و رۆژ ئاهەنگیان دەگێرا، پاشان لە رۆژی ئاهەنگ خەڵكی گەڕەك و دراوسێ و كەسانی نزیك و خزم و دۆست، كۆ دەبوونەوە و چاوەڕێی بەڕێ كردنی بووك هێنان بوون لەلایەن ماڵی زاوا، لە ماڵیش بووكەكەش چاوەڕێی و ئامادەی بەڕێكردنی بووكە جوانەكەیان بوون.