كەرەستەكانی كێلان و جووت كردن، بە چەندین كاری قورس دەزانرێ، بەڵام جگە لەوەش جووتیاران ئەو لایەنە فەرامۆش دەكەن و بەهۆی خۆشەویستییان بۆ كاری جووت كردن خۆیان خەریك دەكەن، ئەم چەند رۆژە و تا كۆتایی مانگی دوانزە، ماوەی جووت كردن و كێڵانی زەوی و زارە، یان چاندنی دانەوێڵەیە لەلایەن جوتیاران، تاكو دوای چەند مانگێك یان لەسەرەتای هاوینی داهاتوو بەروبوومەكە دەدوورنەوە، كاری جووت كردن یان كێڵان پێشان بە هەوجار ئەنجام دەدرا، كە هەوجاریش لە سێ بەش پێكدێ، ئەوەی بە دەستەوە دەگیرێ پێیدەگوترێ (دەستەن دوو)،، دواتر بەشێك دێ كە پێیدەگوترێ هەوجار، لە خوارەوەش پارچە ئاسنێك هەیە لە شێوەی چەقۆیە، پێیدەگوترێ (گاسن)، هەروەها ئەو بەشەی لە ئاژەڵ دەخرێ پێیدەگوترێ (مژانە)، هەوجار زیاتر لە گا دەخرێ، بۆیە پێیدەگوترێ (گاجووت) واتە گای تایبەت بۆ جووت كردن، ئەو مژانەی پێشەوە پێیدەگوترێ (نیر) كە زەنگوڵە و شتی جوانی پێوەیە، دەخرێتە سەر ملی گاكان دواتریش بە دەست جووت دەكرا، واتە بە دەست بەروبوومەكەیان بەسەر زەوییە كێڵاوەكەدا هەڵدەدا، ئەوەی جووتیاران باسی دەكەن، وەك پێوەرێكی كۆن دەبێ لە كاتی جووت كردن، ئەگەر بستێك لەسەر زەوی كێلگەكە دابنێی دەبێ نێوان (6تا8) دەنكە دانەوێڵەی تێدابێ، لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و داهێنان و دواتریش تراكتۆر پەیدا بوو، كە كاری كێڵانی ئاسان كرد ئەویش بە هۆی گاسنەكانیەوە، دواتریش ئامێرێكی دیكە بەناوی خەرماشە پەیدابوو، ئەویش تاوەكو ئێستاش رۆڵێكی گرنگی هەیە لە كاری كێلان و جووت كردندا، چەند ساڵێكە ئامێریكی دیكە پەیدا بووە، كە ئەویش پێیدەگوترێ : تۆدەر كەكارەكەی ئاسان كردووە، تەنیا دانەوێڵەی دەخرێتە ناوی و كارەكە تەواو دەكات.