چەندین ئامێر و كەرەستەی كوردەوای هەن كە لە بواری میوزك ژەنین و گۆرانیی گۆتن بەكارهێنراون، لەوانە: دووزەلە – زوڕنا – دەهۆڵ – جۆزە- نای – باڵەبان– تەپڵ و دمبك، ئەم كەرەستانەش بە دەستی كورد دروست دەكران، تەنانەت ئێستاش لە هەندێك شوێندا كەرەستەی لەم جۆرە دروست دەكرێن، تەپڵ یەكێكە لەو ئامێرانەی كە لەگەڵ زووڕنا و باڵەبان زیاتر بەكاردەهێنرێ، هەروەها لە ئاهەنگە میللیەكاندا بەكارهێنراوە، وەك لە گۆرانییە خۆشەكەی (برایانی زیزی) بە تەپڵ و باڵەبان، و لەگەڵ كۆمەڵە كیژۆڵەیەكی شۆخ و شەنگدا، ئەم ئامێرە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێ، یەكەمیان شوێنی لێدان كە لە پێستی گیانداران دروست دەكرێ، ئەوەی دیكەش لە ژێرەوەیە و بە دەست دەگیرێت، كە لە داری گوێز یان داری ئەسپیندار یان لە ستیل و ئاسن دروست دەكرێ، ناوەوەی بۆشە و تاوەكو دەنگی لێدانەكە لە پێستەكە بڵندگۆ بكات و دەنگی زیاتر بێت، چۆنیەتی دروست كردنی ئەم ئامێرە بەم شێوەیە : سەرەتا پێستی گیانداران دەهێنرێ بەتایبەت پێستی مەڕ دواتر دەخرێتە ناو خوێ بۆ ماوەیەك تاوەكو بسەپێ و بۆنەكەشی نەمێنێ، پاشان دەدرەهێنرێ و پان دەكرێتەوەو راست دەكرێ، دواتر لە شێوەیەكی بازنەیی ئامادە دەكرێ و دەخرێتە سەر بەشەكەی دیكە كە لە دار یان ئاسن دروست دەكرێ جیاوازی شێوەكەش بە گوێرەی ناوچەكان دەگۆڕێ و جیاواز دەبێ، دواتریش لێواری پێستەكە بە ماددەیەكی نەرم توند دەكرێ و ئامادە دەبێ بۆ لێدان.