دەستاڕیەكێكە لەو كەرەستانەی لە ژیانی كوردەواریدا سوودێكی گەورەیان لێ بینیوە بۆ هاڕین و ئامادەكردنی چەندین خواردەمەنی وەك : ئارد و ساوار و بڕووش و گەنمەكوتا و چەندین شتی دیكەش، ئەویش كاتێك دانەوێڵە وەك گەنم دەخرێتە ناو دەستاڕ و دەبێ بە دەست بسووڕێندرێ و لەوكاتەش دانەوێڵەكە دەكەوێتە نێوان هەردوو بەردەكە و لەگەڵ سووڕاندنی بەشی سەرەوەی دەستاڕەكە، دانەوێڵەكەش ورد دەبێ یان بۆ هەر مەبەستێك بەكاربهێنرێ، دەستاڕ لە (2) بەشی سەرەكی پێكدێ، دوو پارچەیان بریتییە لە دوو بەردی شێوە بازنەیی كە لە كوردستان هەیە دوای چاككردن و تاشین و كە لەسەر یەكتر دادەنرێ و لە بەردەكەی ژێرەوە دارێك دادەنرێ و دەخرێتە ناو بەردەكە و بەردی سەرەوەش دەبێ كون بكرێ و ئەو دارەی كە لە ناوەڕاستی بەردی ژێرەوەیە پێیدەگوترێ (نێك) كە بە نێكە دەستاڕ ناسراوە و ئەو دارەی سەرەوەش كە بەردەكەی سەرەوە دەسووڕێنێت پێیدەگوترێ دەسكی دەستاڕ كە نزیكەی (25) سەنتیمەتر دەبێ، هەمان شێوەی دەبێ بەردەكەی سەرەوە كون بكرێ و ئەویش ببڕێ، واتە هەردوو بەردە لەسەر یەكتر دادەنرێ و هەر یەكەیان كێشێكی زۆری هەیە، بە جۆرێك هەر شتێكی خواردن و ئەو جۆرە شتانە بكەوێتە نێوانیان وردی دەكات، ئەمەش بەپێی ژمارەی سووڕاندنی دەستاڕەكەیە، زیاتر دەستاڕ لە بەردی چیا دروست دەكرێ و پاش هێنانی بەردەكە دواتر كاری خۆشكردنی لەسەر دەكرێ، تاوەكو دوو شێوەی هاوشێوە و وەكو یەك دەربچێ و لەسەر یەكتر دابنرێ و بسووڕێتەوە، دەستاڕگێڕان كارێكی قورسە و ماندووبوونی هەیە، هەر بۆیە زیاتر لە كەسێك كاری لەسەر دەستاڕ كردووە یان بە هەرەوەزیی نێوان دوو یان زیاتر لە خانمێك یان ئافرەتێك كاری بۆ كراوە.