ژیانی كوردەواری ئەگەر چی پڕ لە ماندووبوون و شەكەتی بووە، كەچی ژیانێكی پڕ تەندرووست و خۆشی و بەختەوەری لە دڵ و هەستی خەڵكدا هەبووە، شەو و رۆژ باوك و باپیران و دایە و كچان و گەنجان، بە گڕوتینەوە كاری رۆژانەی خۆیان دەكرد و بەبێ ئەوەی هەست بە مەینەتیەكانی ژیان بكەن كە چەندە قورس بووە بۆیان، تەنانەت لە كارەكانی دەستی و جەستەییشدا بە هێز و توانایەكی بەرزەوە كاریان كردووە، لەم وێنەیەدا مامە پیرەیەك لە شوێنێكی دۆڵدا كاری كێڵان دەكات و كە لە سەردەمی خۆیدا ئەو كەرەستەیە بەكاردەهێنرا بۆ كێڵان و دەوردانەوەی زەوی تاوەكو ئامادەبێ بۆ جووتكردن و پێداكردنی دانەوێڵە، ئەو ئامێرە پێدەگوترێ (هەوجاڕ)، كە بریتییە لە دار دروست دەكرێ و لە (5) بەش پێكدێ و ئەوەی بە دەست دەگیرێ و پێدەڵێن (دەستەدوو)، ئەوەی ژێرەوەش پێدەگوترێ (قونكی هەوجاڕ) كە بەشەكان لەیەكتر دەبەسترێتەوە و ئەوەی لە نێوان جوتیار و ئاژەڵدا هەیە پێدەگوترێ (مژان) و لە خوارەوەش لە پۆڵا دروست دەكرێ و لەلایەن وەستای خۆماڵی وئاسنگەر، پێدەگوترێ (گاسن)ی هەوجاڕ كە كاری كێڵاندنی زەوییە، ئەوەی دەكەوێتە سەر ملی ئاژەڵ پێدەگوترێ (نیلە و كۆپەڵان)، نیلەكە دارەكەیە و كۆپەڵانیش لە قایش و پەڕۆ دروست دەكرێ و لە ملی ئاژەڵ دەخرێ و تاوەكو ملی ئەزیەت نەدا، هەوجاڕ لە پێشوودا بەكاردەهێنرا، و تەنانەت ئێستاش لە هەندێك شوێن و ناوچە بەكاردەهێنرێ كە ئامێرەكانی كێڵان ناگاتە ئەو شوێنانە.