رەنگ بۆ جلوبەرگ زۆر گرنگە بە تایبەتی لە هەڵبژاردنێكی شێوازێكی گونجاودا، جلی كوردی بنەما سەرەكیی جوانییەكەی لە رەنگ و نەخشەكەیدایە، لە رێگەی رەنگی جلوبەرگەوە دەتوانین جوانییەكی رەها بەدی بكەین، لەو كاتەی كە كراسی كوردی پابەندە بە چەندەها ستایل و نەخش، بەڵام رەنگیش گرنگی زیاتری لەو دووستایلەی پێشوودا هەیە و جێگەی و نەشونمای خۆی بەرجەستە دەكات. ئەو رەنگانەی لە كراسی كوردیدا رەنگدانەوەی گەورەی لێدەكەوێتەوە، رەنگەكانی : شین – سوور – پەمەیی – مۆر و سووری كاڵ و تۆخ، زەرد كە بە كراس زەردێ دەناسرێ، ئەمانە و چەندین رەنگی دیكەش لەگەڵ جلی كوردی گونجاو دەبن، بە تایبەت لە كاتێكدا شێوازی تازەی جلوبەرگ گرنگییەكی تەواو بە رەنگ و نەخش دەدەن، بەڵام ئەوەی زیاتر لە وەرزی هاوینە بۆ جلوبەرگ گرنگە تاوەكو جوانییەكەی لەسەر جەستەدا دەربكەوێ، رەنگی جلەكەیە، چونكە بەهۆی بەهێزی تیشكی خۆر لەو وەرزەدا، یەكێك لەو رەنگە جوان و سەرنجڕاكێشانەی لەگەڵ جلوبەرگدا شیاوە، رەنگی سوورە، كە لە هێزی رەنگەكانیش لە سەرووی گشت رەنگانە و تەنانەت لە دوورەوەش دیار دەكەوێ، بۆیە ئامادەكردنی جلی كوردی لە رەنگی سوور، كراسێكی نایابی لێ دەردەچێ.
بەهاوكاری سۆلاڤ مۆدە- ئەڵمانیا