كەرەستە كوردەوارییەكان، مایەی جوانی و شانازیین، كاتێك لەسەر جەستە یان لە شوێنە بەرزەكان دادەنرێن، كە لە پێشوودا كاری دەست وەك كارگەیەكی بەهێز وابوو لە دروست كردنی جلوبەرگ و كەرەستەی ناوماڵ و پێداویستی رۆژانە، بگرە لە : كڵاو – جلی كوردی - كەرەستەی ماڵ بە گشتی – ئامێرەكان، چونكە لە كوردەواریدا بیرۆكەی جوان و بەهێز هەبوون لەو بوارانەدا، یەكێك لەو كەرەستە كۆن و مێژووییەی كورد شانازی پێوەدەكات، كڵاوی سەری پیاوانە، كە هەمان شێوەی بۆ ئافرەتانیش هەبووە، كڵاو و كلێتە هەیە، كڵاو لەگەڵ جامانە لەسەر دەكرێ، كلێتەش لەگەڵ جلی كوردی دەپۆشرێ كە جوانی جلەكە تەواو دەكات، جگە لەوەی كڵاو لە چەند رەنگێك بووە، كە زیاتر رەش و سپی یان سوور و سپی، یان رەنگی دیكە، كەچی بەم دواییە شێوەیەكی دیكەی جوانیان بۆ ئەو كەرەستەیە دروست كردووە، ئەویش كڵاوە بە نەخش و رەنگەكانی ئاڵای كوردستان، دیمەنێكی جوان و نایابی هەیە، لە هەر چوار رەنگەكە پێكهاتووە كە سوور لەسەرەوە و دواتریش سپی و رەنگی رۆژیش بە زەرد لە ناوەڕاستەوە، سەوزیش لە خوارەوە، هەر یەكە لەو رەنگانە ئاڵای كوردستان لەسەر كڵاوەكە دەنەخشێنن و دەبن بە كڵاوێكی جوان و رازاوە.