پەست و یادگارییە دێرینەكان

پەست و یادگارییە دێرینەكان
پەست چییە یان بۆچی بەكارهاتووە ؟ پەست ئەو ئامێرە یان دەكرێ بگوترێ ئەو بارهەڵگرە كۆنەیە كە لە كۆندا بۆ مەبەستی گواستنەوەی مرۆڤ و كەل و پەل بەكارهاتووە، كاتی بەكارهێنانی پەست دەگەرێتەوە بۆ چلەكانی سەدەی رابردوو لە كاتێكدا هۆكارەكانی گواستنەوە بەشێوەیەكی ئەوتۆ كەم بووە كە تەنها گوێدرێژ و ئەسپ و عارەبانە بوونی هەبووە.
پەست لەبەر ئەوەی گەورەترەبووە لە عارەبانە و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گواستنەوەی كەل و پەلیش بەكارهاتووە بۆیە زیاتر لە نێوان شارەكان و شارۆچكەكان بەكارهاتووە، لە راستیدا پەست بارهەڵگرێكی دارین بووە و لە دار دروست كراوە هەر وەك پاسی ئێستا بەڵام بە جیاوازی ئەوەی كە هەموو لاشەی داربووە، پەست جیا لە شت ومەك بە تێكڕا نزیكەی 32 كەسی هەڵگرتووە لە هەر سەفەرێكیدا، هەندێك جۆری پەست لە دوو بەش پێكهاتبوو بە شێكیان بۆ مرۆڤ وبەشێكیشی بۆ ئاژەڵ و مەڕو ماڵات لەبەر ئەوەی بازرگانیی ئەوكات ئاژەڵداری بووە بۆیە پێویست بووە لە ناوچە دوورەكانی شارەكانەوە خەڵك ئاژەڵ لە گەڵ خۆیدا بێنێتە شار و لە شاردا بەكەل و پەلیتر بیگۆڕێتەوە. بە جیا لە هۆكارەكانی گواستەوەی ئێستا پەست زۆر هێواش و لەسەرخۆ بووە لە رۆیشتندا و ماوەیەكی زۆی دەویست بۆ ئەوەی لە شارێكەوە بچێتە شارۆچكەیەك یان شارێكتر بۆیە لە رۆژێكدا دەیتوانی تەنها یەك جار سەفەر بكات و لە بەیانی زووی بەرەبەیانەوە بەرێبكەوێت تا ئێوارەی درەنگ.
Top