لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان شەو ئەو كپی و هێمنی جارانی نامێنێت و بە پێچەوانەوە شەوەكان پڕ رووناكی و دەنگ و قەرەباڵغی و هاتوو چۆ دەبێت، پێچەوانەی رۆژەكانیتری ساڵ خەڵكی لە مانگی رەمەزاندا لە شەواندا روو لە دەرەوە دەكەن جا بۆ بازاڕكردن و كاركردن بێت یان بۆ بەسەر بردنی كات، ئەمەش ئەو دیاردەیەیە هەموو ساڵێك لە گەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا هەستی پێدەكرێـت لەبەر ئەوەی لە رۆژدا لەبەر گەرمی رۆژ و درێژییەكەی خەڵك ناتوانێت ماوەیەكی زۆر لە دەرەوە بێـت، بۆیە ناچارە هەرچی كار و سەردان و پێویستی هەیە دەیخاتە شەوەوە، لە هەر شوێن و شار و شارۆچكەیەك چەند شوێنێك هەیە كە شوێنی دیارن و شوێنی كۆبوونەوەی خەڵكن تا درەنگای شەو لەگەڵ نمایش كردنی چەندین جۆر لە خواردنی میللی و گەڕۆك كە سیما و جوانی خۆش دەبەخشێتە ئەو كەسانەی لەو شوێنانە كۆدەبنەوە، لەبەر ئەوەی لەو شوێنانەدا هەموو یەكسانن هەموو شتەكان سادەن، هیچ جیاوازیەك نییە، لە شاری هەولێر چەندین شوێن هەن كە هەر لە سەرەتای رەمەزانەوە دەكرێنەوە وەك شەقامی ئیسكان و تەعجیل و ناو بازاڕ بە گشتی، ئەمە جیا لەوەی لە هەر گەڕەكێك چەند شوێنێكی كاتی دەكرێنەوە لەشەوانی رەمەزاندا، جیا لەمانەش لە چەند شوێنێكی دیاریكراو چەندین یاریی كۆن و كوردەواری ئەنجامدەدرێـت وەك سینی سینیانێ و كەڵەمستانێ و كڵاوێن و چەندین یاری دیكەی كۆن و فۆلكلۆر.