لەگەڵ كراسی كوردیدا چەندین مۆدە و شێوازی بە بایەخ دەركەوتوون، هەر مۆدەیەك گوزارشت لە ستایلێك دەكات كە بەپێی خواستی كەسی داواكاری كراسەكە لەسەر نەخش و ستایلی دیزاینەری جلە كوردییەكەیە، بۆیە گۆڕانكاری و تازەگەری لە شێوازەكانی جلی كوردی، دەرخستنێكی تازە دەبێ لە جوانی ئەو جلەدا، گرنگە ئەو كەسە بزانێ چ جۆرە جلێك هەڵدەبژێرێت بۆ پۆشین، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كاتێك لەگەڵ بەشێكی دیكەی جلەكەدا یەكخستنی بۆ دەكرێ، یەكێك لەو كەرەستە سەرەكییانەی كە لەگەڵ جلی كوردیدا بەرچاو دەكەوێ، ئەویش ئێلەگە، سەرەڕای ئەو شێوەی بچووكەی هەیەتی، بەڵام گوزارشت لە جوانییەكی گەورە دەكات و لەسەر جلەكەدا شوێنی خۆی دەردەخات، تەنانەت هەندێك جاریش لە جلەكەدا زیاتر بەرچاوتر دەكەوێ، لە ئێلەگدا دوو لایەنی گرنگ هەیە، یەكەمیان : بچووكی و تەسكی ئێلەگەكە، كە وا دەكات سەرنجڕاكێشی بەخۆوە ببینێت، لە مۆدەكانی ئێستادا زیاتر بایەخ بە ئێلەگی كورت دەدرێت، كە لەمۆدەكانی پێشوودا ئێلەگی گەورە لەبەر دەكرا، دووەم لایەن لە گرنگی ئێلەگدا، رەنگەكەیەتی، زۆر جار دەبێ كە رەنگی ئێلەگ جیاواز بێ لە رەنگی كراسەكە ئەمەش بە مەبەستی زیاتر دەركەوتنی جلەكەیە.