رازیانە چەرەزاتێكی بەتام!

رازیانە چەرەزاتێكی بەتام!
رازیانە و رازیانێ و ئەو گوڵە بە رێحانێ
یار بۆ دەنگی نایێ لەو سەر و هەیوانێ
ئەم دوو دێڕە، گۆرانییەكی كۆنی كوردییە و لەسەر شیرینی رازیانە گوتراوە لەلایەن (برایانی زیزی) و (دارا هەورامی) زۆر هونەرمەندی دیكە، كە گۆرانییەكی خۆشی فۆلكلۆر بوو، رازیانە چەرەزاتێكی شیرین و بە تام و رەنگاورەنگە، لە پێشوودا شێوەیەكی بچووك و ناسكی هەبوو، كە كۆمەڵە دەنكێكی بچووكە وهەر یەكە لە رەنگێكە، جوانی و شیرینی رازیانە وات لێ دەكات كە بە جۆشەوە بیخۆیت و زیاتر پێشتر لەلایەن پیرەكانەوە دەدرایە منداڵان، بە بیرم دێ پیاوێكی پیر لە گەڕەكەكەمان هەبوو كە هەردەم رازیانەی لە گیرفان بوو، هەر كاتێك ئەو پیاوەمان دەبینی بە كۆمەڵ رامان دەكردە لای و داوای رازیانەمان لێ دەكرد، كە پێشتر نرخی گران بوو، ئەوەندە شیرین و خۆش بوو، دوای ئەوەی دەخرێتە ناو دەم دەبێ بە ددان بیشكێنی و دواتر وردی بكەی و بیخۆی، تامێكی شیرین و خۆشی هەیە، بۆنێكی بە تام و بەهێزیشی هەیە، لە پێشوودا منداڵان شەیدای ئەو خواردنە خۆشە بوون، رازیانە زیاتر لە شەكر و گیایەك دروست دەكرێ و بۆن و بارامی تێدەكرێ و دوای ئەوەی شەكر ورد دەكرێ و پاشان ئامادەی دەكەن لەگەڵ ئاردی سپی، دواتر تێكەڵ دەكرێ و تاوەكو دەبێتە هەویرێكی شل، پاشان لەناو قاڵبێك دادەنرێ و بە پارچەی بچووك دێتە خوارەوە و دەبێتە دەنك دەنك، دواتر وشك دەكرێتەوە و ئامادە دەبێ بۆ خواردن.
Top