كووپەی ئاو، كەرەستەیەكی كۆنە و بۆ هەڵگرتنی ئاو بەكاردێ، كووپە لە قوڕ دروست دەكرێ، لە قوڕێكی تایبەت دروست دەكرێت زیاتریش لە قوڕە سوورە، خۆڵێكی ورد دەهێنرێ بەبێ گرێ و بەرد بێ، واتە سادە و ورد بێ و دەكرێتە قوڕ، دواتر بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەمێنێتەوە، تاوەكو نەتەقێ یان بە دروستی ببێتە كووپە، شێوەی كووپە لە سەرەوە بازنەیی گەورەیە و دواتریش بچووك دەبێتەوە و لە ژێرەوەش لە شێوەی جامێكی بچووك وایە، سەرەوەی كراوەیە و هەروەها (3) دەسكی هەیە بۆ هەڵگرتن و گواستنەوە، هەندێك لە دروستكەرانی كووپە، نەخش لەسەر كووپەكە دەكەن و دەینەخشێنن، دوای وشك بوونەوەی كووپەكە بە ئاگرێكی نەرم سوور دەكرێتەوە بەمەش ئاو ناتوانێت ئەو قوڕە ببات و تەنانەت چەند ئاوی تێبكرێت زیاتر توند و تۆڵتر و بەندتر دەبێت، كووپە كاری پاڵاوتنی ئاوە، كە كووپە تەڕ دەبێت یان ئەو ئاوەی تێدایە دەیپاڵێوێت و لەگەڵ ئەوەی هەوای بەردەكەوێت و بەمەش دەبێتە سارد بوونی ئاوی ناو كووپەكە، لە خوارەوەی كووپەی ئاو، شوێنی ئاو هاتنە خوارەوەی هەیە، كە ئەویش بەلوعەیەكی بچووكە و ئاوی لێ دەخوردرێتەوە، دەبێ ئاوی كووپە ماوەماوە بگۆڕدرێت تاوەكو كۆن نەبێت و یان ئەگەر كووپە لەسەر سێبەرێك بێت، هەردەم ئاوەكەی سارد و خۆش دەبێت.