نان كردن پیشەیەكی كۆنی ئافرەتانی كوردە و ساڵانێكە ئەو كارە دەكەن، تەنیا لە ژیانی شار نەبێت، كە خواردنی دیكە هەیە لە جێگەی نان وەك سەمون و نانی فڕنی، بەڵام لە كۆندا نان كردن هەبوو، دوو جۆرە نان هەیە: یەكەمیان پێیدەگوترێت : نانی تەنك و نانی ئەستوور. ئەمجارەیان باسی بەشێك لە نان دەكەین كە پێیدەگوترێت نانی تیری یان مەزرەقە دەناسرێت، كە ئەویش بەشێكن لە جۆری یەكەم كە نانی تەنكە، نانی تیری، ئەو نانەیە كە گەورە و تەنكە، بە تیرۆك لەسەر فەرش پان دەكرێـتەوە و دواتریش لەسەر سێڵ بە ئاگردان دەبرژێندرێت، پاشانیش دەخرێـتە سەر سەرنان و دواتریش هەڵدەگیرێت و تاكو رەق نەبێـتەوە، هەروەها جۆرێكی دیكەی نان هەیە، ئەویش بە نانی مەزرەقە دەناسرێت، كە هەمان نانی تیریە بەڵام رەق دەكرێـتەوە، ئەویش بە زیاد كردنی ئاگری ئاگردانەكە و دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە لەسەر سێڵ و پاشان دەخرێتە سەر حەسیر، بۆ ئەوەی هەوای بەربكەوێت و رەق بێ، پاشان ئەو نانە هەڵدەگیرێت و هەر كاتێك بتەوێت بەكاریبهێنی، ئەوە بە ئاو دەیڕشێنن و دەبێتەوە نانێكی نەرم، یان ورد دەكرێ و دەكرێـتە ناو قاپ بۆ ئەوەی ببێـتە تەشریب یان تێگووشە، نانی مەزرەقە ماوە ماوە دەكرێت و هەڵدەگیرێت، بەڵام هەرچی نانی تیرییە دەكرێت رۆژانە بكرێت.