هەلیكانێ و پەلیكانێ

هەلیكانێ و پەلیكانێ
چەندین گەمە و یاریی كۆن لە كوردەواری هەن، جاران هەر یارییەك جۆش و خرۆشێكی جوانی هەبوو، تەنانەت تاوەكو ئێستاش ئەو یاریانە بەردەوامن، زیاتریش لە گوند و شوێنە نەتەوەییەكان، یەكێك لەو یارییە خۆشانەی كە بێگومان كەسانێكی زۆر ئەو یاریەیان كردووە، بە تایبەت رەگەزی كوڕ، ئەویش (هەلیك و پەلیكانێ)یە. شێوەی یارییەكە خۆشە و تەنانەت یاریی ئێستای جیهانی (بەیس بۆڵ)، لەم یارە كوردییەی خۆمان دەچێت، شێوازی یاریەكە و جۆری دار و پەلیكەكە بەم شێوەیەیە :
لە دوو بەش پێكدێت كە دار و پارچە دارێكی بچووكە، دارەكە پێیدەگوترێ (هەلیك) و پارچە دارە بچووكەكەش پێیدەگوترێ (پەلیك)، دارە بچووكەكە واتە پەلیكەكە لەسەر دوو بەرد دادەنرێت و بە دارەكە واتە بە هەلیكەكە لە بنی هەڵدەدەرێت و دەهاوێژرێت، لێرەدا گرنگە ئەوە بزانین، لەو یاریە دوو گرووپ هەن، یەكێكیان پەلیك دەهاوێژێت و گرووپی دووەم دەبێ بیگرنەوە، ئەگەر گرتیانەوە ئەوا دەبێ پەلیكەكە بۆ شوێنی دار هاوێشتنەكە بهاوێژن وئەگەر بە دارەكە كەوت، ئەوە گرووپی وەرگر یارییەكە دەباتەوە، ئەگەریش بە دارەكە نەكەوێت، ئەوە گرووپی هاوێژەر دەتوانێت جارێكی دیكە پەلیكەكە بهاوێژێتەوە، ئەویش بە بڵند كردنەوەی پەلیكەكە لەسەر زەوی، كە هەردوو سەری تیژ كراوە و بە دارەكە لەسەری پەلیكەكە دەدرێ و دواتر بە دارەكەش لێدەدرێتەوە، كە گرووپی یەكەم پەلیك دەهاوێژێتەوە و چەند پەلیكەكە بڕوات،ماوەی نێوان كەوتنی پەلیكەكە و شوێنی هاوێشتنی دەپێودرێت و ئەوەندە خاڵە هەژمار دەكرێت بۆ گرووپی یەكەم. لە كاتی هاویشتنی دووەمی پەلیك كە لەسەر زەوی بەرز دەكرێتەوە، ئەگەر دار بە پەلیك نەكەوێت، واتە ئەو گرووپە ئەوەندە دارەی هەیە پێدەڵێن (چەق) واتە چەقی كرد و بەم شێوەیە گەمەكە دەباتەوە.
Top