ساڵانێكە دایكانی دەست رەنگین و كچانی شۆخ و شەنگی كورد، بە بەهرەیەكی زیرەكانە و دەستێكی جوان، كاری تەون كردن دەكەن، تەون كردن بریتییە لە دروست كردنی : مافوور و رایەخ و بەڕەو تێڕكە و توور و هەگبە و خورجەیان كە بە تەون دروست كرداون. لەسەرەتادا مافوور و ئەو چەند كەرەستەیە نەبوون و دواتر بیریان لە دروست كردنی مافوور كردەوە، ئەوەی سەیرە ئەو بەهرەیە لەناو یەكترەوە فێربوونە و بەبێ ئەوەی وانەیەك لە كاری رستن و چنین فێربن، تەون بریتییە لە دار یان ئاسنێكی درێژ نزیكەی زیاتر لە دوو مەتر و كە بە دوو شێوەی ستوونی و ئاسۆیی دادەنرێ، ئەگەر بۆ مافوور دروست بكرێ، ئەوە بە شێوەی ستوونی دادەنرێ، ئەگەریش بۆ رایەخ و شتی دیكە بێ، بە شێوەی ئاسۆیی دادەنرێت. ناوی تەون لەخۆیەتی، كە وشەی تەون واتە بەڕ و جەواڵ، زیاتریش بە رایەڵی مافوور دەناسرێ، ئەو كەرەستەی لە كاری تەون بەكاردەهێنرێ پێیدەڵێن : خاوك و كشت، كە جۆرە بەنێكە و لە خووریی مەڕ دروست دەكرێ. بەشەكانی تەون لەم چەند جۆرە پێكدێن :كە یەكێكیان پێدەگوترێ (رایەڵ) ە ئەوەش شێوەی هودایەكی فرێتییە و كە (پۆ)ی مافووری لێدەئاڵێنرێ و لێیدەتەندرێت، بەشێكی دیكەی (بنەتان)ی ناوە، كە ئەویش دارێكە هەردوو سەرەكەی دەخرێتە ناو سمتەك، كە ئەویش دوو داری درێژە و نزیكەی دوو مەتر دەبێت یان زیاترە لەلای هەندێك تەون دروست كەران، هەردوو سەری دارەكە بە ئەندازەی نیو مەترێكە و هەروەها تاوەكو جێگیر بێ، نزیكەی (15) سەنتیمی ئەو دارە دەخرێتە ژێر زەوی تاوەكو تەواو گیربێت یان لەسەر پێچكەی خۆی دادەنرێ. بەشی كۆتایی بریتییە لە سەرەتان، كە ئەویش دارێكە و هەردوو سەری دەخرێتە ناو گوێی سمتەكانی ئەو دوو دارە درێژە سەرەكەییەكە.