دامە یارییە بە جۆشەكەی كوردەواری

دامە یارییە بە جۆشەكەی كوردەواری
چەندین گەمە و یاری كۆن و فولكلۆری هەن، كە لە پێشوودا باوك و باپیرانمان دەیانكرد لە دیوەخان یان لەسەر جۆخینان یان لەو شوێنەی لێی كۆدەبوونەوە بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش، زیاتریش شەوانە ئەو یاریانە ئەنجام دەدرا چونكە بەرۆژ خەریكی ئیش و كار بوونە، یارییە كوردیەكان زۆرن، لەوانە : دامە – سینیانێ –كڵاوێن و كەرەمەستانێ، چەندینی دیكەش كە لە ژماردن نایەن، یەكێك لەو یارییەی تاكو ئێستاش دەكرێت كە جەماوەر و یاریزانی باشی هەن، بە تایبەت لەلایەن پیاوە بەتەمەنەكان، ئەویش گەمەی (دامە)یە.
دامە یارییەكی كۆنە و لە زۆر شوێنی دەكرێ، شێوەی دامە لە (64) خانەی چوارگۆشە پێكدێت، واتە هەر ریزێكی (8) خانەیە، زیاتر بۆ یاری كردنی دامە، بەرد بەكاردەهێنرێ، بۆ هەر لایەك (16) بەردە، كە لە سەر دوو خانەی ئاسۆیی دادەنرێت، دەبێت رەنگی هەر لایەك جیاواز بێت لە رەنگی بەردەكانی ئەوی دیكە، یاساكانی دامە بەم شێوەیەیە: هەر بەردێك بۆی هەیە خانەیەك بچێتە پێش، واتە یەك خانە بەرەو پێشەوە، كاتێك بەردێك بگاتە كۆتایی خانەكانی كەسی بەرامبەر دەبێـتە (ئاغا)، جووڵەی ئاغا لە جووڵەی بەرد زیاترە و ئاغا بۆ هەر چوار دەوری خۆی دەچێت و دێت، هەروەها دەتوانێت بە ئاسانی چەندین خانە ببڕێت، كاتێك لایەنێك داوای بەردێك لەوەی دیكە دەكات لەوكاتە دەبێ بڵێ (سوارم) واتە ئەو بەردەم دەوێ، لە كۆتایشدا دەبێ یەكێك بەردەكانی ئەوەی دیكە بخوات و تاوەكو كۆتایی یەكێك دەیباتەوە، كاتێك یەكێك بەردێكی بمێنێت لەو كاتەدا پێیدەڵێن (داشەهارە) واتە ئەو بەردە وەك دەبێتە ئاغا و كاری ئاغا دەكات.
Top