هەر كاتێك بەرەو ئامادەكردنی مۆدەیەك لەجلوبەرگ بچین، دەبێ سەرەتا بیر لەزۆر لایەن بكەینەوە، چونكە چەند لایەن هەن كاریگەری خۆیان دەبێ لەسەر هەڵبژاردن یان ئامادەكردنی ئەو جلەی كە ئامادە دەكرێ، هەروەها دەبێ لەگەڵ ئەو كاتەی كە جلەكەی لێ دەپۆشرێ، گونجاو و شایستە بێ. وەرزی هاوین یەكێكە لەو وەرزانەی كە تیشكی خۆر بەهێز دەبێ و ئیتر كاریگەری ڕەنگەكان كەمتر دەبنەوە. بۆیە دەبێ لەو وەرزەدا سوود لەڕەنگە تۆخ و ڕەنگاوڕەنگەكان وەربگرین، كە دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و سیمایەكی جوانی هەیە لەدوور و نزیك. كراسی كوردی زیاتر لەڕەنگێك ئامادە دەكرێ، بەڵام زۆربەی جاریش لەدوو ڕەنگ تێناپەڕێ، بۆ نموونە ئەگەر جلێكی كوردی لەڕەنگی تەنیا ڕەش لەبەر بكرێ لەم وەرزەی گەرما، لێرەدا كراسەكە جوانییەكی ئەوتۆی نابێ، بۆیە ئاماژە دەكرێ كە لەو وەرزە ئەو كراسە كوردیانە بپۆشرێن كە زیاتر ڕەنگاوڕەنگن و لەكۆمەڵە ڕەنگێك نەخشێنراون، یان ئەو قوماشەی هەڵیدەبژێرێن بۆ جلی ئەو وەرزە، دەبێ لە(3) ڕەنگ زیاتر بێ، ئەمەش وادەكات كە ببێتە جلێكی كوردی شایستە و جوان تا لەوەرزی هاوین بپۆشرێ.