كچی كورد بە خانمی و پاكی و جوانی بەناوبانگن، هەر لەزووەوە كچانی كورد بەجوانترین شێوەی كوردەواری دەردەكەوتن، تەنانەت جوانی كچانی كورد سەرنجی خەڵكانی دیكەشی رادەكێشا، نازناوێك هەیە لەناو كورد كە پێی دەگوترێ (كچی كافرۆش)، دەگێڕنەوەو دەڵێن: پیاوێكی كافرۆش هەبووە، كچێكی ئەوەندە جوان و ناسكۆكەی هەبوو، خەڵكی بەهۆی كچەكەیەوە دەهاتن و (كا)یان لەم پیاوە دەكڕی، وەكو لە گۆرانییەكانی هونەرمەندی كۆچ كردوو (حەسەن زیرەك) كە ناوی كچە كافرۆش دەهێنێ، وەكو چۆن لە مێژووی ئەوروپا (مونالیزا) هەیە، لەلای خۆمانیش كچە كافرۆش داستانێك بووە لە جوانی، هەروەها دەگوترێ كاتێك هێزەكانی بەریتانیا لە ساڵی (1918) كە ئەو ناوچەیان داگیركردووە، سەرسامی كچە كافرۆش بوونە و بە دیل گرتوویانە بۆ ئەوەی بیبەن بۆ وڵاتی خۆیان، كەچی وادیارە كچە كافرۆش دوای ئەوەی دەخرێتە ناو فڕۆكەوە، ئەویش بۆ پارێزگاری لە جوانی و شەرەفی كوردانەی، خۆی خستۆتە خوارەوە و مردووە.