ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی رووسیا بە مەلەکردن لە ئاوێکی سارددا ساڵی 2020 بەڕێدەکەن

ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی رووسیا بە مەلەکردن لە ئاوێکی سارددا ساڵی 2020 بەڕێدەکەن
ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی رووسیا لە دەریاچەی بایکاڵی وڵاتەکەیان، کە پلەی گەرما تێیدا بۆ نزیکەی 35 پلەی ژێر سفری سەدی دابەزیوە، پێشوازی لە ساڵی 2021 دەکەن و بۆ ماوەی چەندین خوولەک لەناو ئاوەکەدا دەمێننەوە.

چوون بۆ کەنارەکانی دەریاچەی بایکاڵ و مەلەکردن تێیدا یەکێکە لەو شتانەی هەموو ساڵێک ئەم کۆمەڵە هاوڕێیە لە رۆژی 31ی کانوونی یەکەمدا ئەنجامی دەدەن. ئەندرێ بوگای، هاووڵاتیی رووسیا دەڵێت "هەموو ساڵێک من و هاوڕێکانم لە 31ی کانوونی یەکەمدا دێینە کەناری بایکاڵ. ئێمە رادەکەین و مەلە دەکەین. لەڕێگەی مەلەکردنەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێ لەیەکدی دەکەین. ماوەی چەندین ساڵە بەمجۆرە دەکەین. بەم کارەمان ژیانێکی تەندروستتر بۆ خۆمان فەراهەم دەکەین".

دەرەوەی دەریاچەکە بەفرە و بەستوویەتی، بەڵام هێشتاش ژمارەیەک لەوانەی لە ئاوە ساردەکە دێنە دەرەوە، بە پێ خاوسی دەسوڕێنەوە.
ئەوان پێیانوایە، ئەم کەشوهەوا ساردە بۆ باری تەندروستی و جەستەیان پێویستە.

سێنیا نۆڤۆسێڵسیڤا، هاووڵاتیی رووسی گوتی "وا هەستدەکەین کە 10 ساڵ گەنجتر بووینەتەوە. گەنجتر، جوانتر و تەندروستتر دەبین".

دەریاچەی بایکاڵ دەکەوێتە باشووری سیبیریا لە رووسیا و بە گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرین لە جیهاندا دادەنرێت، کە نزیکەی 22% تاوەکو 23%ی هەموو ئاوی شیرینی جیهان لەخۆدەگرێت.

دوای مەلەکردنەکە، هاووڵاتییەکان لە کەشە ساردەکە و هەندێکیان بەبێ هەبوونی جلوبەرگێکی ئەوتۆ لەبەریاندا بەناو دارستانەکەدا رادەکەن بۆئەوەی وەرزشەکەیان تەواوبکەن.
rudaw -
Top