ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەی پاسە سەربازییەکانی سووریا بەرز دەبێتەوە
ژمارەی قوربانییانی ئەو تەقینەوەیەی چەند پاسێکی گواستنەوەی سەربازیی رژێمی سووریای کردە ئامانج، بەرز دەبێتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، تەقینەوەکە، کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30-12-2020 رووی دا، ژمارەیەک پاسی گواستنەوەی چەکدارانی سوپای رژێمی سووریای لەسەر رێگای حمس - دێرەزوور، کردە ئامانج.
هەروەک روانگەی سووری رایگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە، 37 چەکداری رژێمی سووریا کوژران، کە هەشتیان ئەفسەر بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەقینەوەکە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجام دراوە و گەورەترین تەقینەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەیە لە ساڵی 2020 لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا.
باسنيوز
