ئێران ڤاکیسنی چینی دەکڕێت
کەریم هیمەتی، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت "ئەو شوێنەی کە دەمانەوێت لێی بکڕین، وڵاتی چینە، لەوێ بۆ ئێمە ئاسانترە. لەبەر ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە".
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی شەممە گوتی، متمانەیانن بە ئەمریکا نییە پارە لەڕێی ئەوانەوە بۆ کڕینی ڤاکسین بگوازنەوە، "گواستنەوەی پارە کێشەیەکی گەورەی ئێران بۆ کڕینی ڤاکسین بووە؛ بەڵام وادیارە چارەسەر بووە".
حەمید رەزا جەمشیدی، سکرتێری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئاماژەی بەوە کرد "ئەو پارەیەی وەکو پێشینە دەبێت بە کۆڤاکسی بدەین، لە سێ چوار رۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت. هیوادارین تاوەکو کۆتایی ساڵ ڤاکسین بەدەستمان بگات".
بەڵام وەزیری ناوخۆ باسی کاتێکی زۆر زووتری کرد، عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆ گوتی "ئێمە بێگومان بەپێی ئەو کاتەی دیاریکراوە، بۆ ئەمەش بەڕێز وەزیری تەندروستی مانگی بەفرانباری دیاریکرد، کۆتایی یان ناوەڕاستەکانی بەفرانبار، ئەمە پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی ئێمەوە هەیە".
وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت "جگە لە کۆڤاکس هەوڵدەدەن لە شوێنی دیکەش ڤاکسین بکڕن".
پێشتر پێشبینی دەکرا شەش مانگی دیکە ئێران بتوانێت ڤاکسینی خۆی بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئێستا باس لە کاتێکی زۆر زووتر دەکەن.
حەمید رەزا جەمشیدی، سکرتێری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا باس لەوە دەکات "ناوەندی کۆنترۆڵی کۆرۆنا کارێکی باشی کردووە. لە سێ قۆناخدا ژێرخانی گەورەی بۆ بەرهەمهێنان بنیاتناوە، پێموایە لە یەک مانگی داهاتوودا یەک ملیۆن و 500 هەزار ژەم بەرهەم بێنین و تاوەکو چوار مانگی داهاتووش پێویستیی وڵات دابین بکەین".
ڤاکسینی بەرهەمی ئێران هێشتا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پەسندی نەکردووە، گەرچی بە گوتەی وەزیری تەندروستی ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو دوو جۆری ڤاکسینی ئێران لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێنەوە. ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوانە دەبێت بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بدرێت و بۆ رای گشتیش بڵاوبکرێتەوە. بەرهەمێک کە کاری تەنیا ئێرانیش نییە و بە هاوبەش خەریکە بەرهەمی دەهێنێت، ئەویش دیسان دەگوترێت لەگەڵ چین.
rudaw -
