نەتەوە یەکگرتووەکان: لێبوردنی ترەمپ لە چوار پاسەوانەکەی بلاکوۆتەر خۆدزینەوەیە لە سزا

نەتەوە یەکگرتووەکان: لێبوردنی ترەمپ لە چوار پاسەوانەکەی بلاکوۆتەر خۆدزینەوەیە لە سزا
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی بڕیارێکی ترەمپ بۆ لێبوردن لە چوار لە پاسەوانەکانی کۆمپانیای ئەمنیی بلاکوۆتەر دەردەبڕێت، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ناڕەوای هاووڵاتییانی سڤیلی عێراقی لە ساڵی 2007.

مارتا هارتادۆ، گوتەبێژی نووسینگەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لێخۆشبوون لەو چوار پاسەوانە بە "خۆدزینەوە لە سزا هەژماردەکرێت و دەتوانێت خەڵکانی دیکەش هانبدات لە داهاتوودا تاوانی هاوشێوە ئەنجامبدەن".

چوار پاسەوانەکە لە ساڵی 2007 لەکاتی تێپەڕبوونیان بەنێو قەرەباڵخیی ئۆتۆمبێلەکان لە گۆڕەپانی مەنسووری بەغدا دەستیان بە تەقەکردن کرد و 14 هاووڵاتیی عێراقیان کوشت بە پاساوی ئەوەی وایان زانیوە هێرشیان دەکرێتەسەر.

یەکێک لەو چوار پاسەوانە بە 30 ساڵ و ئەوانی دیکەش بە 12، 14 و 15 ساڵ بەندکردن سزادران، بەڵام رۆژی سێشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2020 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری لێبوردنی بۆ چوار پاسەوانەکە دەرکردووە بە بیانووی ئەوەی "هەریەکەیان مێژوویەکی دوورودرێژی هەبووە لە خزمەتکردنی وڵاتدا" و ئازادکردنیان "رەنگدانەوەی خواستی بەشێکی زۆری رای گشتیی ئەمریکایە".

ئەو بڕیارەی ترەمپ کاردانەوەی تووندی شەقامی عێراقیشی لێکەوتەوە و کەسوکاری قوربانیان بە بێڕێزیکردن بە خوێنی عێراقییەکان ناویانبرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش سەرکۆنەی بڕیارەکەی ترەمپی کرد و دژی بەها و یاساکانی مافی مرۆڤ ناویبرد.

بلاکوۆتەر کۆمپانیایەکی ئەمنیی کەرتی تایبەتی ئەمریکییە، سوپای ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ کردبوو بۆ پاراستنی دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپ و برای وەزیری پەروەردەی ئیدارەکەیەتی.
rudaw -
Top