ئیسرائیل و مەغریب نووسینگەی دیپلۆماسی لە تەلئەڤیڤ و رەبات دەکەنەوە
هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و مەغریبی عەرەبی، نووسینگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە پایتەختی یەکتر دەکەنەوە.
دوای رێککەوتنی هەردوولا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، رۆژی سێشەممە 22-12-2020، شاندێکی باڵای ئیسرائیل، بە یاوەریی جارید کۆشنێر، گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بە یەکەم گەشتی فڕۆکەی ئیسرائیلی بۆ مەغریب، گەیشتە رەباتی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوەی مەغریب رایگەیاندووە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، هەردوو وڵات نووسینگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە پایتەختی یەکتر دەکەنەوە.
ناسر بوریتە هەروەها رایگەیاندووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دەست پێکردنی گەشی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوانیان.
رۆژی پێنجشەممە 10-12-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەغریب و ئیسرائیل ”رێککەوتنێکی مێژوویی“یان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە و بەهۆیەوە ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، کە بیابانی رۆژئاوا بەشێکە لە خاکی مەغریب.
تا ئێستا جگە لە مەغریب، پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، کە وڵاتەکان بریتین لە میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و سودان.
باسنيوز
