پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا هەڕەشەی گەمارۆی ئابووری لە ئێران دەکات
فۆلۆ مارتسلۆ، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و خەڵکی ئیتالیا دوێنێ سێشەممە لە لێدوانێکدا هۆشداریی بە ئێران داوە کە دەبێ دەستبەجێ حەبیب فەرەجوڵا کەعب (ئەسیود) چالاکوانی سیاسیی عەرەب کە لە تورکیا ڕفیندراوە، ڕەوانەی سوید بکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی ئەورووپا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی فارسیی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبییە) هەڕەشەی ئەوەی لە ئێران کردووە، ئەگەر بێت و حەبیب ئەسیود ڕادەستی سوید نەکرێتەوە، دەبێ گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر ئێران.
حەبیب ئەسیود چالاکوانی سیاسیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز و سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی (ئەلنزال)ی عەرەبەکانی ئەهواز ڕێکەوتی ٩ی١١ی٢٠٢٠ لە ئسیتەنبۆڵەوە لەلایەن تۆڕی مافیایی (ناجی زیندەشتی) سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئێران ڕفێندراو و ڕادەستی ئێران کرایەوە، لە رادەستکردنەوی حەبیب ئەسیوددا ژنیک بەناوی سابرین سەعیدی دەستی هەبووە و بە فێڵ ئەویان کشاندۆتە ئیستەبۆڵ.
دوو هەفتە لەمەوبەر دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە حەبیب ئەسیودیان دەستگیر کردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بە چۆنیەتی و وردەکاریی دەستگیرکرانی نەکردووە.
هاوکات دوێنێ سێشەممە چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئەورووپا و پارێزەری حەبیب ئەسیود لەبەردەم گرتووخانەی کۆپنهاکن کۆ بوونەوە و لە پرێس کۆنفرانسێکدا داوای گەڕانەوەی دەستبەجیی حەبیب ئەسیدیان بۆ سوید کرد و داوایان کرد دەبێ ڕێز لە پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی تاکەکەسیی ئەو چالاکوانە سیاسییە بگیردرێت، لە بەرانبەردا باڵوێزی ئێران لە دانیمارک بەو کۆبوونەوەیە ناڕەزایی دەربڕیوە.
ماوەی چەند ساڵێکە لە تورکیا و عێراق و چەند وڵاتێکی عەرەبی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانونی سیاسی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکوژرێن، یان دەڕفێندرین و رادەستی ئێران دەکرێنەوە کە بەرچاوترینیان ڕوحوڵا زەم، مستەفا سەلیمی و حەبیب ئەسیود بوون کەلە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕادەستی ئێران کرانەوە و دوو کەسیان لە سێدارە دران.
باسنيوز
