ئەمریکا حەسانەی سەروەری بۆ سودان دەگەڕێنێتەوە

ئەمریکا حەسانەی سەروەری بۆ سودان دەگەڕێنێتەوە


کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەی پێدانەوەی حەسانەی سەروەری بە سودان تێدەپەڕێنێت.

ئەمریکا لە ساڵی 1993 حەسانەی سەروەری لە سودان وەرگرتبووەوە، کە بەهۆیەوە هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەیتوانی سکاڵا لەسەر دەوڵەتی سودان تۆمار بکات و داوای قەرەبووی کردە تیرۆرییەکان بکات، چونکە سودان داڵدەی سەرانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەی دابوو و وەک وڵاتێکی پاڵپشتی تیرۆر، ناسێندرابوو.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 21-12-2020، هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری پێدانەوەی حەسانەی سەروەرییان بە سودان پەسەند کرد و چاوەڕێ دەکرێ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارەکە پەسەند بکات.

دوای لەسەرکار لادانی عومەر حەسەن بەشیر لەسەرۆکایەتیی سودان، کە لە ساڵی 1989ـەوە بە کودەتا دەستی بەسەر حوکمڕانیی سوداندا گرت، ئەمریکا لە 14-9-2020، سودانی لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر، دەرهێنا و دواتریش سودان لە 23-10-2020، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

رۆژی 11-4-2019، سوپای سوودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.

دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی (سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمین) لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.








باسنیوز
Top