ئێران: هیچ پەیامێکمان بۆ جۆ بایدن نەناردووە

ئێران: هیچ پەیامێکمان بۆ جۆ بایدن نەناردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد ئێران چاوەڕێی هەوڵ و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی جۆ بایدنە و هەموو ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە پەیامیان بۆ بایدن ناردبێت و گوتی ئەویش هیچ پەیامێکی بۆ ئێران نەناردووە.

لەمبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی١٢ی٢٠٢٠ سەعید خەتیبزادە لە وتووێژێکدا کەلە ڕۆژنامەی "هەمشەهری" بڵاو کراوەتەوە ئاشکرای کردووە قسە و لێدوانەکانی جۆ بایدن لەگەڵ دەوڵەتی دۆنالد ترەمپ (جیاوازیی بەرچاو)یان هەیە و ئێمە پێشنیازمان بە سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران.

بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار ئاشکرایان کردووە هەتا ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵنەگرێت و نەگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام)، ئەوان ئامادەی دانوستان نین.

جۆ بایدن سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەمدواییانە گوتوویە من لەسەر بەڵێنیی خۆم پابەندم و دەگەڕێینەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران (بەرجام)، بەڵام دانوستان لەگەڵ ئێران (زۆر دژوار) دەبێت.

جۆ بایدن هاوکات لەبارەی دانوستان لەسەر داهاتووی بەرنامەی ناوکیی ئێران و بەرنامەی مووشەکیی ئەو وڵاتە جەختی کردووەتەوە، پرسێک کە لەگەڵ دژایەتیی ئاشکرای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە.

















باسنيوز





Top