تەندروستی جیهانی لەبارەی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لەبریتانیا هاتە دەنگ
لەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بریتانیا لەبارەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رای گشتی و وڵاتان لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاگاداردەکەنەوە
لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردوە، لەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بریتانیا لەبارەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رای گشتی و وڵاتان لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاگاداردەکەنەوە.
هیچ زانیارییەکی لەبارەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خێرایی بڵاوبونەوەی زیاترە بڵاونەکردەوە
رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەبێ ئاشکراکردنی هیچ زانیارییەک لەبارەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خێرایی بڵاوبونەوەی زیاترە، ئاماژەی بەوەشکردوە بەردەوامدەبن لەئامۆژگاریکردنی خەڵک لەپابەندبونیان بە رێکارەکانی دژی کۆرۆنا و رێنمایی وڵاتەکانیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پاتریک ڤالانس راوێژکاری زانستی دامەزراوەی تەندروستی نیشتیمانی بریتانیا رایگەیاند، ئەو ڤاکسیانەی کۆرۆنا کە تائێستا بەرهەمهێنراون، توانای بەرگریکردنیان لە جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوە، پێویستە رێکاری نوێ دژی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا بگیرێتەبەر کە دۆزراوەتەوە و توانای بڵاوبنەوەی زیاترە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک پێشتر، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایگەیاند، رێکاری نوێی توندتر لەلەندەن و باشوری رۆژهەڵاتی ئینگلاند دەگرنەبەر.
سەرەتای ئەم مانگە جۆریکی نوێی کۆرۆنا لەبریتانیا دۆزرایەوە و دەرکەوت توانای بڵاوبونەوەی زیاترە، دۆزینەوەی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا نیگەرانی و ترسی لای بەرپرسانی بریتانیا دروستکرد بەوەی رەنگە ڤاکسینە بەرهەمهاتوەکان توانای بەرگریکردنی ئەو جۆرە نوێیەی نەبێت.
خەندان
