یەکێتیی ئەوروپا: ناچارین رێکاری توند دژی تورکیا بگرینە بەر
رێکخەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، یەکێتییەکەی ناچار دەبێ رێکاری توند دژی تورکیا بگرێتە بەر.
جۆزێپ بۆریل، رێکخەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا وەربگرن، دەبێ ”تورکیا واز لە رێکارە دوژمنکارییەکانی، کە یەکانگیر نییە لەگەڵ سیاسەت و بەرژوەندییەکانی ئەوروپا، بهێنێت“.
جۆزێپ بۆریل هەروەها رایگەیاندووە، بەردەوامبوونی گەڕانی تورکیا لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەدوای گازی سروشتیدا کەشێکی زۆر خراپی دروست کردووە.
رێکخەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریی داوەتە دەسەڵاتدارانی تورکیا، و رایگەیاندووە، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەوڵەکانی دۆزینەوەی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ”ناچار دەبین رێکاری توند دژی تورکیا بگرینە بەر“.
تورکیا هەوڵی گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەت لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەدات و ئەو دوو وڵاتەش هەوڵەکانی تورکیا بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خۆیان، هەژمار دەکەن.
باسنيوز
