سبەینێ پێکوتەی كۆرۆنا دەگاتە توركیا
موحەرەم ساریكایە، وتارێكی لە رۆژنامەی (خەبەر تورك) بڵاو كردووەتەوە و ئاشكرای کردووە سبەی هەینی پێکوتەی كۆرۆنا دەگاتە توركیا، بەڵام لە هەفتەی یەكەمی مانگی ١ی ٢٠٢١ پێکوتەکە لە هاووڵاتیان دەدرێت.
ساریكایە لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، زانیاری لە وەزارەتی تەندروستیی توركیا وەرگرتووە، بەوەی پێکوتەکە لە مانگی ١ی ٢٠٢١ لە هاووڵاتیان دەدرێت، چونكە پێویست دەكات دوای گەیشتنی پێکوتەکە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هەڵبگیرێت، ئەوكات بەكار بهێنرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، سەرەتا پێکوتەکە لەو كەسانە دەدرێت كە بەتەمەنن و مەترسیی كۆرۆنایان لەسەرە، پاشان بە گوێرەی پێویست کوتانەکە بۆ هاووڵاتیانی تریش دەکەن.
تاكوو ئێستا وەزارەتی تەندروستیی توركیا ئاشكرای نەكردووە، ئایا پێکوتەکە بە شێوەی خۆڕاییە بۆ هاووڵاتیان یاخود بڕە پارەیەكیان لێ وەردەگیرێت؟
بە گوێرەی دوایین زانیاری کە فەخرەدین کوجا وەزیری تەندروستیی تورکیا دوێنێ چوارشەممە ١٦ی١٢ی٢٠٢٠ بڵاوی کردوووەتەوە، تاكوو ئێستا ١٦ هەزار و ٨٨١ كەس لە توركیا بەهۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٨٩٨ کەس.
باسنيوز
