روحانی: بە رۆیشتنی ترەمپ زۆر دڵخۆشین
حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران گوتی: ئێمە بە ھاتنی جۆبایدن شاگەشكە نەبووینە، بەڵام بە رۆیشتنی زۆر دڵخۆشین، ئەو تاوانبار بوو، پیاوكوژ و تیرۆریست بوو، تەنانەت رێگە نادات ڤاكسینمان بەدەست بگات. دەوڵەتی داھاتووش بۆخۆی دەزانێت و رێگەكە بۆ ئەوان كراوەیە.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكی لەسەر زاری ھەندێك دیپلۆماتكاری ئێرانی رایگەیاندبوو، كە عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە وڵاتی عوممان لەگەڵ راوێژكارێكی جۆبایدن كۆبووەتەوە. ئەگەرچی رۆژی چوارشەممە، عێراقچی ھەبوونی ئەو دیدارەی رەتكردەوە، بەڵام حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران نایشارێتەوە، كە چاورێی ھەنگاوی كرداری لە بایدن دەكەن و دەرگایان بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێكەوتنی ئەتۆمی كراوەیە.
ئۆلیوت ئابرامز، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، قسەی لەگەڵ تیمەكەی جۆبایدن كردووە و پێی راگەیاندوون، دۆخی ئێستا زۆر لەگەڵ ئەو كاتەی رێكەوتنی ئەتۆمی كراوە جیاوازە، پێشتریش جۆبایدن رایگەیاندبوو، چوونەوە بۆ ناو رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گفتوگۆی نوێ و جیدی دەوێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەتووندی ئەوە رەتدەكەنەوە. ئێستا نائۆمێدییەك لەئێران لە جۆبایدن بەدی دەكرێت، رۆژی چوارشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران روو بە كابینەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەوان نابێ دوژمنایەتییەكان لەبیر بكەن و لەجێگەی ھەوڵدان بۆ لابردنی گەمارۆكان دەبێت كار بۆ بێكاریگەركردنی ئەو گەمارۆیانە بكەن.
k24 -
