په‌كین: له‌نده‌ن هیچ دەسەڵاتێکی چاودێری و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر هۆنگ کۆنگ نییە

په‌كین: له‌نده‌ن هیچ دەسەڵاتێکی چاودێری و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر هۆنگ کۆنگ نییە
وانگ ون بین، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (15ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) رایگه‌یاند، وڵاتەکەی هانی بەریتانیا دەدات لە سەر کێشەکانی پەیوەندیدار بە هۆنگ کۆنگ، واز لە "ره‌فتاره‌ دووفاقییه‌كانی" بهێنێت.

وانگ ون بین، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "له‌ ماوه‌ی (150) ساڵی حكومی ئیستیعماری به‌ریتانیا له‌ هۆنگ كۆنگ، له‌ له‌نده‌نه‌وه‌‌ دادوه‌ر بۆ هۆنگ كۆنگ داده‌مه‌زرا، ئه‌و كات دیموكراتی بۆ هۆنگ كۆنگ نه‌بوو، رۆڵه‌كانی هه‌ستیان به‌ ئازادی راسته‌قینه‌ نه‌ده‌كرد".

گوتیشی: "ئێستا به‌ریتانیا به‌ناوی دیموكراتی و ئازادییه‌وه،‌ ده‌ست له‌كاروباری هۆنگ كۆنگ وه‌رده‌دات، سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌به‌زێنێت، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هۆنگ كۆنگ بۆ نیشتمان، دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌ست به‌ دیموكراتی و ئازادی به‌رفراون ده‌كه‌ن، كه‌ پێشتر نه‌یانبوو".

روونیشكرده‌وه‌، "حكومه‌تی چین، به‌ پێی ده‌ستوور و یاسای بنه‌ڕه‌تی ناوچه‌كه‌، حوكمی هۆنگ كۆنگ ده‌كات، بەریتانیاش هیچ دەسەڵاتێکی چاودێری و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر هۆنگ کۆنگ نییە".

ئەم گوتانەی "وانگ" لەوەڵامی "دۆمینیک راپ"، وەزیری دەرەوەی بەریتانیادا هات، کە رۆژی دووشەممە رایگه‌یاند، یاسای چین لەبارەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هۆنگ کۆنگ، دژی ئەو بەیاننامە هاوبەشە‌ی چین- بەریتانیا بوو، كه‌ ده‌بوایه‌ پابه‌ندی بێت.

سه‌رچاوه‌: شینخوا
k24 -
Top