جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و دەکرێت ڤاکسینەکەش نەتوانێت لەناوی ببات
مات هانکۆک، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی چوارشەممەوە تووندترین رێکاری تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لەندەن و بەشێکی ئیسێکس و هێرتفۆردشایەر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەنگاوەکەی حکومەتی بەریتانیا بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و مردنە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکەش مانای ئەوەیە، لە رۆژی چوارشەممەوە رێکاری تووند لەو ناوچانەدا جێبەجێ دەکرێت کە نزیکەی 34 ملیۆن کەس کە دەکاتە 30%ی دانیشتووانی ئینگلتەرا، تێیاندا دەژین.
وەزیری تەندروستیی بەریتانیا نیگەرانی و ترسی خۆی لەبارەی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا راگەیاند و گوتی "جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنامان دۆزیوەتەوە" و دەکرێت ئەوەش هۆکاری تووشبوونی خەڵکێکی زۆری باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بێت بە کۆرۆنا.
وەکو هانکۆک ئاماژەی بۆ دەکات "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە جۆرە کۆنەکەی خێراتر بڵاودەبێتەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1000 تووشبوومان بەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا تۆمارکردووە، کە زۆربەیان لە باشووری لەندەنن، بەڵام لە 60 شوێنی دیکەش جۆرە نوێیەکە بڵاوبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش بەم جۆرە نوێیە زۆر بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە".
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی بەریتانیا، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا ڤاکسینەکە دەتوانێت ئەم جۆرە نوێیە لە ڤایرۆس لەناوببات یاخود نا، بەڵام پسپۆڕان باس لەوە دەکەن "زۆر رێگەی تێدەچێت" ڤاکسینەکە کاریگەریی لەسەر ئەم جۆرە نوێیە نەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، بەریتانیا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی حەوتەمدایە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 849 هەزار تووشبووی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 64 هەزار تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
