لە تورکیا تۆڕێکی ١١ کەسیی هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دەستگیر کران

لە تورکیا تۆڕێکی ١١ کەسیی هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دەستگیر کران
کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی تورکیا بڵاوی کردەوە کە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) تۆڕێکی ١١ کەسی کە سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بوون و هاوکاریی ئەوانیان کردووە، دەستگیر کردووە.

لەمبارەوە تەلەفزیۆنی TRTی تورکی بڵاوی کردووەتەوە ئەو تۆڕە ١١ کەسییە کە لەلایەن قاچاخچییەکی مادە هۆشبەرەکانەوە سەرپەرشتی کراوە، بە نهێنی هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانی کردووە و لە کوشتن، یان ڕفاندنی چالاکوانی سیاسی و دژبەرانی ئێراندا دەستیان هەبووە.

دوێنێ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا حەبیب ئەسیۆد یەکێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عەرەبی ئەهواز لە باشووری ئێران و ڕێبەری پێشووی (بزووتنەوەی ئەلنسال) لەڕێگەی ژنێکەوە کێشراوەتە تورکیا و لەوێوە ڕفێندراوە و رادەستی ئێران کراوەوتەوە.

بەپێی سەرچاوەی TRTی تورکیا ئەو تۆڕە ١١ کەسییە لە دوایین چالاکیی خۆیاندا حەبیبوڵا چەعب ناسراو بە (حەبیب ئەسیۆد)یان لە سویدەوە بە فێڵ و بەناوی بازرگانی تەختە و دار کێشاندوویەتە تورکیا و لەناو هۆتێلێک و لەلایەن خانمێک بەناوی "سابرین" دەرماخوارد کراوە و پاشان ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەواڵی دەستگیرکردنی حەبیب ئەسیۆدی پشتڕاست کردووەتەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤی ئێران لە تورکیا بە شێوەی گوماناوی کوژراون و چەند کەسی دیکەش ڕادەستی ئێران کراونەتەوە.












باسنيوز


Top