دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتیک: هاوینی داهاتوو کۆرۆنا کۆنترۆڵدەکرێت
ئۆیگور شاهین، دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی و داهێنەری بیرۆکەی ڤاکسینی هاوبەشی ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی رایگەیاندووە، کە بەهۆی دەستپێکردنی کوتان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە جیهان و هەروەها هیوای بەرهەمهێنانی ڤاکسینی نوێ، چاوەڕێدەکرێت کۆتایی هاوینی 2021 ڤایرۆسەکە لە جیهاندا کۆنترۆڵ بکرێت.
لەکاتی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێكی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکی، زانا ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد "تاوەکو مانگی نیسانی داهاتوو زۆربەی ئەمریکییەکان ڤاکسینیان پێدەگات" و لە جیهانیشدا ڤاکسین بڵاودەبێتەوە، ئەمەش واتە کەمبوونەوەی بڵابوونەوەی پەتاکە و وردە وردە بڵاوبوونەوەکەش دادەبەزێت.
هەروەها راشیگەیاند، بەپێی توێژینەوەکان، هاوینی داهاتوو کاتێکی زۆر باش چاوەڕێی جیهان دەکات، چونکە ئەو کاتە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە زۆر ئاسانتر دەبێت.
ئەم قسانەی شاهین دوای ئەوەهات کە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا مۆڵەتی بە دابەشکردنی ڤاکسینی فایزەربایۆنتیک لە ئەمریکا داوە.
هەروەها ئەو ڤاکسینە، جگە لە ئەمریکا، لە بەریتانیا، کەنەدا بەحرەین و ئیسرائیلیش مۆڵەتی دابەشکردنی پێدراوە.
ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان گەیشتووەتە 72 ملیۆن و 239 هەزار و97 کەس، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 614 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 ملیۆن و 630 هەزار و 419 کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە کەتەلۆنیا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە بۆنە و کۆنسێرتەکان توێژینەوەی لەسەر دەکرێت
لە بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا لە رێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە کاریگەری پشکنینی خێرا و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئاهەنگ و بۆنە گەورەکان دەخرێتەڕوو، هەزار کەس لە تاقیکردنەوەکەدا بەشداربوون، 500 لەوان هەڕەمەکی هەڵبژێردران و نێردرانە ژوورەوە بۆ کۆنسێرت، نیوەی دیکەش رەوانەی ماڵەوە کرانەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامێک دەستبکەوێت پشکنینی خێرا تاوەکو چەند بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رادەگرێت و خەڵک چۆن لە شوێنی قەرەباڵخ سەلامەت دەبێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "هیچ شتێک نابێتە جێگرەوەی دەمامک تا ئەوکاتەی پێکوتەی کۆرۆنا بەردەست دەبێت."
لە ئەمریکا لایەنگرانی ترەمپ، کۆرۆنا "بەفێڵ" بۆ دزینی هەڵبژاردنەکان تەماشا دەکەن
لە ئەمریکا لایەنگرانی ترەمپ کە بەدەر لە هەموو شتەکانی دیکە، یەک خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە ئەویش ڤایرۆسی کۆرۆنا "فێڵێک" بوو بۆ زەوتکردنی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان دروستکرا.
لایەنگرێکی ترەمپ دەڵێت " ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە. ئەو بابەتە بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەلی ئەمریکا دروستکرا، بۆ ئەوە بوو هەڵبژاردنەکانمان لێبدزن".
پەیامنێرێکی لێی دەپرسێت: دەبینم کە دەمامەک بەکارناهێنیت، ئایا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەران نیت؟
لایەنگرەکەی ترەمپ لە وەڵامدا دەڵێت "نەخێر نیگەران نیم. لەڕاستیدا پێمباشە لەگەڵیدا بژیم، لەوانەشە پێشتریش گرتبێتم، بەڵام نەخێر ناترسم. رێگە نادەم ئەو ڤایرۆسە چینییە ژیانی من کۆنترۆڵبکات".
زیاتر لە 16 ملیۆن و549 هەزار ئەمریکی تووشی کۆرۆنا بوون و لەنێوانیاندا زیاتر لە 305 هەزاریان مردن، ترس یان ترساندنی خەڵکی لە کۆرۆنا رێگەی خۆشکرد بۆ زیاتر لە 46%ـی دەنگدەرە ئەمریکییەکان تاوەکو بە پۆستە دەنگ بدەن کە زۆربەیان دەنگیان بۆ جۆ بایدن دابوو.
لەمڕۆوە دەستکراوە بە دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەر لە ئەمریکا و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 20 ملیۆن کەس بە ڤاکسینەکە بکوترێت.
لایەنگرێکی ترەمپ ئاماژە بەوە دەدات "پێموایە ڤاکسینەکە بۆ ئەوانە باشە کە لە ڤایرۆسەکە دەترسن و پێیانوایە ژیانیان دەپارێزێت. هەروەها دەمامەکەکەش بەهەمان شێوە، بەڵام بۆ من نە ڤاکسین و نە دەمامەکیش باش نین، من ئاوا باشم".
تا دێت ترەمپ لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە، زیاتر بەرەو شکست دەڕوات.
دادگای باڵای ئەمریکا سکاڵاکانی تیمی پارێزەرەکانی بۆ پەسەندنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە چەند ویلایەتێكی ئەمریکا، رەتکردەوە.
rudaw -
