هۆکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی مەغریب و ئیسرائیل ئاشکرا دەکرێت

هۆکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی مەغریب و ئیسرائیل ئاشکرا دەکرێت


وەزیری دەرەوەی مەغریب هۆکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات.

ناسر بوریتە، وەزیری دەرەوەی مەغریب لە یەکەم لێدوانیدا بۆ میدیای ئیسرائیلی، رایگەیاندووە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریبات و تەلئەڤیڤ بە تەواوی و بەخێرایی بەڕێوە دەچێت.

ناسر بوریتە بە ئاماژەکردن بەوەی پەیوەندیی وڵاتەکەی و ئیسرائیل ”زۆر گرنگە“، رایگەیاندووە، پەیوەندیی محەمەدی شەشەم، شای مەغریب لەگەڵ ئیسرائیلییە بە رەچەڵەک مەغریبییەکان ”پەیوەندییەکی تایبەتە“.

وەزیری دەرەوەی مەغریب هۆکاری سەرەکیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریبات و تەل ئەڤیڤی ئاشکرا کردووە، کە بریتییە لە لێکتێگەیشتنی شا محەمەدی شەشەم و ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی بیابانی رۆژئاوا.

بیابانی رۆژئاوا خاکێکی فراوانە، نزیکەی 500 هەزار کەس تێیدا دەژین و مەغریب دەستی بەسەر بەشێکی زۆریدا گرتووە و بەشێکیشی کەوتووەتە ناو سنووری جەزائیر. گەلی بیابانی رۆژئاوا هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام هەردوو وڵاتی مەغریب و جەزائیر سەربەخۆیی ئەو گەلە رەت دەکەنەوە و خاکەکەی بە بەشێک لە وڵاتی خۆیان هەژمار دەکەن.

لە ساڵی 1993 مەغریب پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبووەوە، بەڵام لە ساڵی 2002 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند.

رۆژی پێنجشەممە 10-12-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەغریب و ئیسرائیل ”رێککەوتنێکی مێژوویی“یان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە و بەهۆیەوە ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، کە بیابانی رۆژئاوا بەشێکە لە خاکی مەغریب.

تا ئێستا جگە لە مەغریب، پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، کە وڵاتەکان بریتین لە میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و سودان.








باسنيوز
Top