لە فەرەنسا گرووپێکی چەپڕەوە تووندڕەوەکان بە تۆمەتی کاری تیرۆریستی دەستگیرکران
بە گوێرەی راپۆرتەکان، سەرکردەی گرووپەکە 10 مانگ لە رۆژئاوای کوردستان شانبەشانی شەڕڤانان شەڕی داعش و گرووپە پەڕگیرەکانی دیکەی کردووە.
میدیای فەرەنسا ئاماژەی بەوە داوە کە گرووپەکە لە حەوت کەس پێکهاتووە، شەش کەسیان پێش ئەوەی رۆژی هەینی دادگایی بکرێن، دەستگیرکراون.
حکومەتی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە ئەو حەوت کەسە هەوڵیان داوە گرووپێکی "تاوانکاریی تیرۆریستی" دابمەزرێنن.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تویتەر سوپاسی هێزەکانی پۆلیسی کردووە لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەو گرووپە.
میدیای فەرەنسی ئاماژە بەوە دەدات، گرووپەکە لە شەش پیاو و ژنێک پێکهاتووە و هەموویان لە سەرەتای سییەکانی تەمەنیاندان.
هەروەها دەشڵێت، سەرکردەی گرووپەکە، 10 مانگ لەنێو ریزەکانی هێزە کوردییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا شەڕی کردووە و دواتر لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2018دا چووەتەوە فەرەنسا.
میدیای فەرەنسا گومانلێکراوەکە بە "ئاژاوەگێڕ" ناو دەبات و باس لەوە دەکات کە "هزری بانگەوازکردن بۆ شۆڕش"ـی هەبووە و پلانی جێبەجێکردنی "چالاکیی پارتیزانی"ـی لە فەرەنسا هەبووە.
پۆلیسی فەرەنسا دەستی بەسەر بارهەڵگرێکی ئەو گومانلێکراوانەدا گرتووە کە کەرەستەی دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنیی تێدا بووە. هەروەها لە پۆلیس دەستی بەسەر چەندین چەکی تاپڕ، دەمانچە، چەقۆ و فیشەکدا گرتووە.
بە گوێرەی میدیای فەرەنسی، بە لایەنی کەمەوە یەکێک لەو گومانلێکراوانە دانی بەوەدا ناوە کە پلانی هێرشیان لە دژی پۆلیس و سەربازەکانی فەرەنسا هەبووە.
rudaw -
