ماکرۆن بۆ سێیەم جار سەردانی بەیرووت دەکاتەوە
سەرۆکی فەرەنسا بۆ سێیەم جار لە ماوەی ئەم چەند مانگەی رابردوودا، سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەکاتەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی)، رایگەیاندووە، ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی وڵاتەکە لە رۆژی 22-12-2020 سەردانی بەیرووت دەکات و دوو رۆژ لەوی دەمێنێتەوە.
سەردانەکەی ئیمانویڵ ماکرۆن لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی فەرەنسایە بۆ پاڵپشتیی لوبنان و چەند جارێکیش رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی هەرگیز دەست بەرداری گەلی لوبنان نابێت.
ماکرۆن، کە دوای تەقینەوەکەی بەیرووت دوو جار لە 6-8-2020 و 1-9-2020 سەردانی ئەو شارەی کرد، داوای لە لایەنە سیاسییە لوبنانییەکان کردبوو پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان، دوای ئەوەی حکوومەتی لوبنان بەهۆی تەقینەوەکەوە دەستی لەکار کێشایەوە.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەت، کوتلە پەرلەمانییەکانی لوبنان رۆژی 22-10-2020 رێککەوتن لەسەر راسپاردنی سەعد حەریری بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کرا، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
