ئەمریکای بەبەهای ملیارێک دۆلار چەک دەداتە مەغریب

 ئەمریکای بەبەهای ملیارێک دۆلار چەک دەداتە مەغریب
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژێك دوای راگەیاندنی رێککەوتنی "ئاشتی" لەنێوان ئیسرائیل و مەغریب، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بەبەهای ملیارێک دۆلار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی پێشکەوتو بداتە مەغریب.

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، موشەک و چەکی پێشکەوتو دەدرێتە مەغریب

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە واشنتن بەرنامەی رێککەوتنێکی بۆ پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، موشەک و چەکی پێشکەوتو بە وڵاتی مەغریب هەیە.

ئەمریکا دانینا بە سەروەری حکومەتی مەغریب بەسەر سەحرای رۆژئاوادا

رۆژی پێنجەشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا راگەیاند، مەغریب وەک چوارەم دەوڵەتی عەرەبی رێککەوتنی "ئاشتی" لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و لەبەرامبەردا ئەمریکا دانینا بە سەروەری حکومەتی مەغریب بەسەر سەحرای رۆژئاوادا.

سەحرای رۆژئاوا کوێیە ؟



کاتێک ئیسپانیا سەحرای رۆژئاوای بەجێهێشت، کە کۆلۆنییەکەی ئەو وڵاتە بو، مەغریب سەحرای رۆژئاوای خستە سەر وڵاتەکەی. بەڵام خەڵکەکەی، روبەروی داگیرکارییەکانی مەغریب بونەوە و شەڕێکی خوێناوی هەڵگیرسا.

هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانی بە سەروەریی مەغریب بەسەر سەحرای رۆژئاوادا نەناوە. کاتێک وڵاتی کۆلۆنیالیستی ئیسپانیا دوا سەربازەکانی خۆی لە ساڵی 1976 کشاندەوە، دەوڵەتی سەحرای رۆژئاوا راگەیێنرا و 84 وڵات دانیان بە سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا ناوە، بەڵام هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ئەوکارەیان نەکرد.

سەحرای رۆژئاوا بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان دەژمێردرێت لە بونی فۆسفات، هەروەها خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی ماسییە و نەوت و گازیشی هەیە.







خەندان-
Top