پنتاگۆن پلانی خۆی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

 پنتاگۆن پلانی خۆی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرادەکات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، پلانی خۆی بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر سەرباز و ئەندامانی دیکەی سوپای وڵاتەکەیدا راگەیاند، بە گوێرەی پلانەکە، لە سەرەتادا ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر بەسەر 16 شوێن لەناوەوە و دەرەوەی ئەمریکادا دابەشدەکرێن.

یەکەمجار ڤاکسینەکە بە خانەکانی بەساڵاچوانی سوپا دەبەخشرێت و بەساڵاچوان و کارمەندەکانی ئەو خانانە دەکوترێن

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، بەرپرسانی پنتاگۆن رایانگەیاندوە، یەکەمجار ڤاکسینەکە بە خانەکانی بەساڵاچوانی سوپا دەبەخشرێت و بەساڵاچوان و کارمەندەکانی ئەو خانانە دەکوترێن.

سەرەتا وەرگرتنی ڤاکسین ئارەزومەندانە دەبێت

سەرەتاش وەرگرتنی ڤاکسین ئارەزومەندانە دەبێت، چونکە هێشتا ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەر مۆڵەتی بەکارهێنانی پێنەدراوە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت دوای بەدەستهێنانی مۆڵەتەکە، کوتان بە ڤاکسینەکە بکرێتە ناچاری.

ژمارەیەک سەرکردەی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە نێو ئەو کەسانە دەبن کە ڤاکسینەکە وەردەگرن، لەنێویشیاندا، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت.

بڕیارە بەشێک لەو سەرکردە سەربازییانە لە پێش چاوی خەڵک دەرزی ڤاکسینەکەیان لێبدرێت بۆ ئەوەی پیشانیبدەن کە پێنتاگۆن متمانە بە سەلامەتیی ڤاکسینەکە دەکات.

جۆناسان هۆفمان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پنتاگۆن لە سەرەتادا نزیکەی 44 هەزار ڤاکسین وەردەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا مۆڵەتی دابەشکردنی ڤاکسین بە کۆمپانیای فایزەر دەدات.

لە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییدا، پسپۆڕانی فەرمانگە تەندروستییەکانی ئەمریکا پشتڕاستیانکردەوە کە ڤاکسینە هاوبەشەکەی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک بەرگرییەکی بەهێز بۆ لەشی مرۆڤ دابیندەکات؛ بەوەش گڵۆپی سەوز لەبەردەم حکومەتی ئەمریکادا هەڵکرا بۆ ئەوەی لە چەند رۆژێکی کەمی داهاتودا مۆڵەتی سەلامەتیی بە ڤاکسینەکە بدات.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە راوێژکارانی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کۆببنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بەڵگەی سەلامەتیی ڤاکسینەکە بکەن و بڕیاربدەن بۆ کوتانی ملیۆنان ئەمریکی بەکاربهێندرێت.







خەندان-
Top