بەهۆی کۆرۆناوە کۆنگرەی ئابووریی جیهانی داڤۆسەوە دەگوازرێتەوە کیشوەری ئاسیا
بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، کۆنگرەی ئابووریی جیهانی داڤۆس لە سویسراوە دەگوازرێتەوە وڵاتێکی ئاسیایی.
بڕیارە کۆنگرەی ئابووریی جیهانی بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئابوورییەکانی جیهان لە رۆژانی 13 تا 16ـی مانگی 5ـی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی سەنگافوورە لەکیشوەری ئاسیا، بەرێوە بچێت.
ساڵانە لە مانگی 1 کۆنگرەی ئابووریی جیهانی لە شاری داڤۆس لە سویسرا ساز دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دواخرا بۆ مانگی 5 (ئایار).
پێشتر کۆنگرەی ئابووریی جیهانی رایگەیاندبوو، کۆنگرەکە لە داڤۆسەوە دەگوازرێتەوە شاری لۆکەرن لە سویسرا، بەڵام رۆژی دووشەممە 7-12-2020 رایگەیاند، بڕیاریان داوە کۆنگرەی ساڵی 2021 لە سەنگافوورە ساز بکەن.
هەروەک ئیدارەی کۆنگرەکە رایگەیاندووە، گواستنەوەی کۆنگرەی داڤۆس بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی بەشداربووان و خەڵکی سویسرایە.
کۆنگرەی ئابووریی جیهانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە و پانێڵەکانی کۆنگرەی ساڵی داهاتوو، دەرهاوێشتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابووریی جیهانی، دەبێت.
کۆنگرەی ئابووریی جیهانی لە ساڵی 1971ـەوە ساڵانە لە مانگی 1 لە شارۆچکەی داڤۆس ساز دەکرێت و تێیدا سەرکردە و کەسایەتییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان، بە تایبەت کێشە ئابوورییەکان، دەکەن.
باسنيوز
