لە ئەمریکا لە هەر 30 چرکەیەکدا کەسێک بە کۆرۆنا دەمرێت
بە گوێرەی ئامارەکانی پەیمانگەی جۆنز هۆپکینزی ئەمریکی، لە هەر خولەکێکدا دوو تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە دەمرن.
لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا لە رووی ژمارەی تووشبووان و مردووانی کۆرۆناوە لە پلەی یەکەم دێت، بە جۆرێک کە زیاتر لە 15 ملیۆن و 160 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی 290 هەزار کەسیش مردوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ بە نیازە تا ناوەڕاستی مانگی یەکەمی ساڵی 2021 ڤاکسینی کۆرۆنا بە سەر 24 ملیۆن کەسدا دابەشبکات.
دوای ئەوەی کە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، رەخنەی لە ئیدارەی ترەمپ گرت کە پلانێکی وردی بۆ دابەشکردنی ڤاکسین نییە، یەکێک لە راوێژکارە تەندروستییەکانی ترەمپ رایگەیاند، پلانیان وایە تا ناوەڕاستی کانوونی دووەمی 2021 ڤاکسین بەسەر هەموو نیشتەجێبووانی خانەکانی بەساڵاچووان و کارمەندانی کەرتی تەندروستیدا دابەشبکەن.
ئێستا ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی چاوەڕوانی ئەوە دەکات لەلایەن فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسندبکرێت و مۆڵەتی بەکارهێنانی پێبدرێت.
rudaw -
