جێگری پێشووی حەسەن ڕۆحانی بە دوو ساڵ و نیو بەندکردن سزا درا
شەهیندوخت مەولاوردی، جێگری پێشووی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان، لە لقی ١٥ی دادگای بەرایی تاران بە دوو ساڵ و نیو زیندانی سزا دراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (فارس) دۆسیەی شەهیندوخت مەولاوردی لە لقی ١٥ی دادگا وەگەڕ خراوە و بە دوو تۆمەتی جیا وەک "دانی بەڵگە و دیکیۆمێنتی حکوومەتی بە بێگانە" بە دوو ساڵ زیندان، هەروەها بە تۆمەتی "بانگەشە لەدژی حکوومەتی ئێران" بە شەش مانگ زیندان حوکم دراوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە خانمی مەولاوردی لە لقی دووی دادگای تارانیش بە تۆمەتی "هان و دنەدانی گەنجان بۆ گەندەڵی و بێ ئابڕوویی" حوکم دراوە، بەڵام هیشتا ماوەی زیندان و حوکمەکەی بڵاو نەبووەتەوە.
شەهیندوخت مەولاوردی لە چوار ساڵی یەکەمی کابینەی حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران، جێگری ناوبراو بووە بۆ کاروباری ژنان.
لە کابینەی دووەمی حەسەن ڕۆحانیدا وەک ڕاوێژکاری سەرکۆماری بۆ کاروباری مافی شارۆمەندی هەڵبژێردرا، بەڵام دوو ساڵ پێش دەستی لەکار کێشایەوە.
باسنيوز
