پسپۆڕێکی سەربازی: رەنگە ئێران لە عێراقەوە تۆڵەی کوژرانی زانا ناوکییەکە بکاتەوە
پسپۆڕێکی سەربازیی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە رەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەی کوژرانی زانا ناوکییەکەی لە عێراقەوە لە ئەمریکییەکان دەکاتەوە.
عیماد عەلۆ، لیوا روکنی خانەنشین و راوێژکاری سەنتەری ئەوروپی بۆ توێژینەوە لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، چاوەڕێ ناکرێ جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا رێگای ئاشتیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ ئێران، بگرێتە بەر.
عیماد عەلۆ پێیوایە جۆ بایدن، کە بڕیارە لە مانگی 1ـی 2021 وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار بێت، بەردەوامی بە سیاسەتی گوشارخستنە سەر و سزاکانی سەر ئێران دەدات، بە تایبەت لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا.
ئەو پسپۆڕە سەربازییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە عێراق ”رەنگە“ بەهۆی ترسی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت لەوەی ئێران خاکی عێراق دەکاتە گۆڕەپانی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکییەکان بەهۆی کوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ناوکیی وڵاتەکەی.
عیماد عەلۆ بوونی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، کە ”ئەزموونیان لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە“، بە هۆکارێکی دیکە بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی فەخریزادە لە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق، لەلایەن ئێرانەوە هەژمار دەکات.
ئەو فەرماندە سەربازییە خانەنشینە ئاماژەی بە ئەگەری زیادبوونی سووڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی بە خێرایی وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بدەنەوە.
موحسین فەخریزادە رۆژی 27-11-2020 لە باکووری شاری تاران لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە تیرۆر کرا و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئیسرائیل بە کوشتنی ئەو زانا ناوکییەی وڵاتەکەیان، تۆمەتبار دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 3-12-2020، هەواڵی کشاندنەوەی نیوەی دیپلۆماتکار و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە هۆی هەڕەشەی میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران بڵاو بوویەوە، کە ئەگەر هەیە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سقپای قودسی ئێرانی، هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
