ئەوروپا و بەریتانیا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی یەکلایی نەبوونەتەوە

ئەوروپا و بەریتانیا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی یەکلایی نەبوونەتەوە
بەهۆی ناڕەزایەتیی فەرەنسا، دانووستاندنی تایبەت بە برێکزیت لەنێوان ئەوروپا و بەریتانیا درێژکرایەوە.

چاوەڕێدەکرا لە چەند رۆژی داهاتوودا و پێش سەری ساڵی نوێ، پرسی برێکزیت و چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بە یەکجاریی یەکلایی ببێتەوە و هەردوولاش لەسەر ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانیان رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکەن، بەڵام فەرەنسا دژایەتیی ئەو رێککەوتنە بازرگانییە چاوەڕوانکراوەی لەگەڵ بەریتانیا کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەوروپاش رازی بێت، ئەوا فەرەنسا ڤیتۆی دەکات.

بەریتانیا دەیەوێت سەرەڕای چوونەدەرەوەی لە یەکێتیی ئەوروپا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوام بێت و چاوەڕێی رێککەوتنێکی بازرگانی هاوبەش دەکات.

کلیمان بوون، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا رایگەیاند، فەرەنسا رازی نابێت لە سازشکردن بۆ بەریتانیا لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، ئەگەر ئەو رێککەوتنەش بەدڵی فەرەنسا نەبێت، ڤیتۆی دەکەن.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 10 و 11ـی ئەم مانگەی لووتکەی ئەوروپاشدا، پرسی برێکزیت بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانە و چاوەڕێ دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا دوایین بڕیار لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەریتانیا لە ساڵی داهاتوو بدرێت.

بەریتانیا و ئەوروپا دەیانەوێت پێش کۆتایی ئەمساڵ، لەسەر ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکان رێکبکەون، کە بەریتانیا دەیەوێت رێککەوتنێک بێت تێیدا باج لەسەر کاڵاکانی زیاد نەکرێت و پێویستیش بە زیادکردنی پێناسی گومرگی نەکات. ئەوروپییەکانیش نایانەوێت بەریتانیا وەک هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ لەدەست بدەن.

لەپاڵ ئەوەشدا ئەوروپا دەیەوێت بەریتانیا رێگە لە ماسیگرە ئەوروپییەکانیش نەگرێت تاوەکو بتوانن بچنە ناو سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیاوە و بازرگانی ماسی لە ئەوروپا و بەریتانیا هاوشێوەی پێش برێکزیت بێت، هەروەها دەیانەوێت بەریتانیا بە بەردەوامی لە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئەوروپا هاوبەشی بکات.
rudaw -
Top