سەرکۆماری پێشووتری فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد
والری ژیسکار دستن، سەرکۆماری پێشووتری فەڕەنسا دوێنێ چوارشەممە لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ژیسکار دستن لە ساڵی ١٩٧٤وە هەتا ١٩٨١ و لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا سەرکۆماری فەڕەنسا بووە.
لە کار و خزمەتگوزارییەکانی ژیسکار دستن بۆ پێشکەوتنی فەڕەنسا دەکرێ ئاماژە بە پەسەندکردنی یاسا و مۆڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران بە ڕەزامەندیی هەردوولا، بەیاساییکردنی لەباربردنی منداڵ و بڕیاری کەمکردنەوەی تەمەنی یاسایی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنەکان لە ٢١ ساڵەوە بۆ ١٨ ساڵ.
والری ژیسکار دستن ساڵی ١٩٢٦ لە فەڕەنسا لەدایک بووە لە زانکۆی پۆلی تەکنیکی فەڕەنسا خوێندوویە و بەرلەوەی ببێتە سەرکۆماری فەڕەنسا لە وەزارەتی دارایی فەرمانبەر بووە و ساڵی ١٩٥٦ و لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بووە بە پەرلەمانتاری فەڕەنسا و هەمان ساڵ بووتە ئەندامی کابینەی دەوڵەت.
ساڵی ١٩٧٤ لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بەسەر فرانسوا میتەراندا سەرکەوت و وەک بیستەمین سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.
باسنيوز
