سعودیە و قەتەر بە نێوەندگیریی رۆژئاوا لێک نزیک دەبنەوە

سعودیە و قەتەر بە نێوەندگیریی رۆژئاوا لێک نزیک دەبنەوە


هەردوو وڵاتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و قەتەر، دوای چەند ساڵێک رکابەری و نەبوونی پەیوەندی، بە نێوەندگیریی رۆژئاوا لێک نزیک دەبنەوە.

رۆژی 5.6.2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمین، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن.

ئاژانسی هەواڵیی (بلومبێرگ) لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە دەوڵەتی کوێت دوای گوشار و سەردانەکانی جارید کۆشنێر، گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، چەند مانگێکە لە هەوڵی دیپلۆماسی دایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریاز و دەوحە،

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەم قۆناغەدا، تەنیا پەیوەندییەکانی ریاز و دەوحە ئاسایی دەبنەوە و جارێ هیچ هیوایەک بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەرسێ وڵاتی میسر، بەحرێن و ئیمارات لەگەڵ قەتەر، نییە.







باسنيوز
Top