بەریتانیا بەکارهێنانی پێکوتەی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەری پەسەند کرد

بەریتانیا بەکارهێنانی پێکوتەی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەری پەسەند کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە حکوومەتی بەریتانیا ئاشکرای کردووە کە پێکوتەی کۆرۆنای کۆمپانیای (فایزەر و بیوون تەک)ی بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی فراوان پەسەند کردووە.

بەم بڕیارە بەریتانیا دەبێتە یەکەم وڵات لە ئاستی دونیا کە پێکوتەی کۆرۆنا تێیدا لە هەفتەی داهاتووەوە دەگاتە دەستی هەموو هاووڵاتیانی.

بەپێی زانیارییەکان بەریتانیا تا ئێستا ٤٠ ملیۆن دانە لە پێکوتەی کۆرۆنای کۆمپانیای فایزەری داوا کردووە کە بۆ بەکارهێنانی ٢٠ ملیۆن کەس دەبێت، چونکە هەر کەسێک دەبێ دوو پێکوتە لە دوو کاتی جیاوازدا بەکار بهێنێت.

کۆمپانیای فایزەر بە هاوکاریی کۆمپانیای بیوون تەکی ئەڵمانی، کەمتر لە دوو هەفتەی پێش ڕایان گەیاند کە ئەنجامی دوایین قۆناغی تاقیکردنەوەی پێکوتەی کۆرۆنا کە بەرهەمیان هێناوە، هەتا ئاستی ٩٥٪ لەسەر تووشبوانی کۆرۆنا کاریگەر بووە و هیچ نیشانەیەکیش لە کاریگەریی خراپ لەسەر جەستەی تێدا نییە.

هاوکات کۆمپانیای فایزەر دە ڕۆژ لەمەوبەر بە فەرمی داوای مۆڵەتی ڕێگەپێدان بۆ بەکارهێنان و فرۆشتنی ئەو پێکوتەیەی لە دامەزراوەکانی ئەمریکا کردووە.











باسنيوز



Top