ئێران شێوازی کوشتنی فەخریزادە ئاشکرادەکات

 ئێران شێوازی کوشتنی فەخریزادە ئاشکرادەکات
خەندان-

ئاژانسی فارس نیوز لەزاری بەرپرسانی ئێران بڵاویکردەوە موحسین فەخریزادە گەورە زانای ئەتۆمی ئێران لەڕێگای ئامێری کۆنترۆڵ لەدورەوە کوژراوە.

موحسین فەخریزادە بەچەکێک تەقەی لێکراوە کەبە مانگە دەستکردەکان کۆنترۆڵکراوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە نیمچە فەرمییەی ئێران، موحسین فەخریزادە بەچەکێک تەقەی لێکراوە کەبە مانگە دەستکردەکان کۆنترۆڵکراوە.

ئەو ئاژانسە جۆری چەکەکەی دیارینەکردوە، بەڵام جەختیکردەوە ئامێری کۆنترۆڵکردنی پێشکەوتو بەستراوە بەتۆڕی هەواڵگری و بەسەرپەرشتی ئیسرائیل کردە تیرۆرستییەکە ئەنجامدراوە.

فەخریزادە لەناو ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕدا بوە و سێ ئۆتۆمبێلی دیکە پاسەوانی کردوە

بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی ئێران، فەخریزادە لەناو ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕدا بوە و سێ ئۆتۆمبێلی دیکە پاسەوانی کردوە.

ئەوەش ئاشکراکراوە، پیکابێک لەجۆری نیسان لەپێشییەوە بەکۆنترۆڵ تەقێنراوەتەوە و تۆڕی پەیوەندییەکانی دەوروبەری نەهێشتوە، دواتر لەدوری 150 یاردەوە کە نزیکەی نیو کیلۆمەتر دەکات، تەقەی لێکراوە و کوشتویانە.

ئێوارەی هەینی رابردو ئاژانسەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، موحسین فەخریزادە، زانا و بەرپرسی یەكەمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە كردەوەیەكی تێرۆریستیدا لە دەماوەندی سەر بە تارانی پایتەختی ئێران تێرۆركراوە.

موحسین فەخریزادە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی ناوی لە لیستی سزادراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندایە و لە پلەی یەكەمی زانا و شارەزاكانی بواری زانستی وزەی ئەتۆمی لەئێران هەژماردەکرێت.





خەندان
Top