جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەردانی سعودیە و قەتەر دەکات

جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەردانی سعودیە و قەتەر دەکات
ئەمڕۆ دوشەممە جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانی هەردو دەوڵەتی کەنداو، سەردانی سعودیە و قەتەر دەکات.

گفتوگۆ لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریاز-دەوحە دەکرێت

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، جارید کوشنەر لەسەردانەکەیدا لەگەڵ محەمە بن سەلمان، جێنشینی سعودیە و تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئال سانی میر قەتەر کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریاز-دەوحە دەکرێت دوای تێپەڕبونی زیاتر لەچوار ساڵ لە ناکۆکی و بایکۆتی تەواوەتی پەیوەندییەکانیان.

28ـی ئەم مانگەش سەرچاوەیەکی نزیک لە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی ئەمریکی راگەیاندوە، بن سەلمان بەمەبەستی نزیکبونەوە لە ئیدارەی جۆ بایدن و پێشکەشکردنی دیاری ماڵئاوایی بە دۆناڵد ترەمپ، هەوڵدەدات لەگەڵ قەتەر کێشەکان چارەسەر بکات.

دیموکراتەکان و ئیدارەی جۆ بایدن بەساردی مامەڵە لەگەڵ شازادە گەنجەکە دەکەن

بەگوێرەی راپۆرتەکە دیموکراتەکان و ئیدارەی جۆ بایدن بەساردی مامەڵە لەگەڵ شازادە گەنجەکە دەکەن و رەخنەی توندی لێدەگرن، بەتایبەت دوای کوژرانی رۆژنامەنوس جەمال خاشقجی، شەڕی یەمەن و دەستگیرکردنی چالاکوانان، بازرگان و ژنانی سعودیە.

قەتەر لابردنی هەمو مەرجێکی پێشوەختی بۆ ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکان پێشنیاز کردوە

ئاماژە بەوەشکراوە، بن سەلمان خواستی چاکسازیکردنی هەیە لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا و هەنگاوی کرداریش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەتەر دەگرێتەبەر، ئەوەش وەک "دیارییەک بۆ بایدن" ناوبراوە، لەگەڵ ئەوەشدا قەتەر لابردنی هەمو مەرجێکی پێشوەخت، لابردنی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی و گەرەنتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی وەک دەستپێکی ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکانی ریاز و دەوحە پێشنیاز کردوە.







خەندان-
Top