نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهان: دەبێ هێرش بکەینە سەر بەندەری حەیفای ئیسرائیل
لە سەروتاری ڕۆژنامەی کەیهاندا وێڕای ئاماژە بە دەستێدابوونی ئیسرائیل لە تیرۆری موحسن فەخری زادە ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی ئێران، جەختی کردووەتەوە کە دەبێ هێرش بکەینە سەر بەندەری حەیفای ئیسرائیل و نابێ هاوشێوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی سەربازیی "عەین ئەسەد" تەنیا پشت بە هاویشتنی مووشەک ببەستین".
لە وتارەکەی ڕۆژنامەی کەیهاندا هاتووە: "دەبێ لە هێرشێکی ڕاستەقینەدا، شاری گرنگی حەیفا بکەینە ئامانج، بە شێوەیەک جیا لە خاپوورکردنی ژێرخان و لۆجستیکی شارەکە، دەبێ زیانێکی زۆری مرۆئیشی لێ بکەوێتەوە".
لە حاڵێکدا بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران لە سێ ڕۆژی رابردوودا جەخت لەسەر دەستێدابوونی ئیسرائیل لە تیرۆری موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمیی ئێران دەکەنەوە، کە هێشتا هیچ گرووپ و وڵاتێک بەرپرسایەتیی ئەو تیرۆرەی نەگرتووەتە ئەستۆ و ئیسرائیلیش بە فەرمی هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو موحسین فەخری زادە، ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی ئێران و یەکێک لە سیما دیارەکانی پرسی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی "ئابسەرد" لە دەماوەندی سەر بە تاران لە تەقینەوەیەکدا کوژرا.
باسنيوز
